Accessibility links

گروپى عەسایب ئەهلولحەق بەبردنى سندوقى دەنگدان لە جەلەولا تۆمەتبار دەکرێت


زۆربەى لایەنەکانى پارێزگاى دیالە یەکترى بە ساختەکارى و فشار دروستکردن لەسەر دەنگدەر تۆمەتبار دەکەن، بەڵام تا ئێستا هیچ رێوشوێنێک لەلایەن کۆمسیۆنەوە نەگیراوەتەبەر.

ئەیاد کەرکوکى بەرپرسى دەڤەرى دیالەى هاوپەیمانى بۆ دیموکراسى و دادپەروەرى، بە دەنگى ئەمەریکاى راگەیاند"ئێوارەى رۆژى هەڵبژاردن هێزەکانى گروپى عەسایب ئەهلولحەق هەڵیانکوتاوەتە سەر بنکەکانى دەنگدان لە جەلەولا."

وتیشى"گروپى عەسایب بەزەبرى چەک نوێنەرى لایەنە سیاسیەکانیان دەرکردووە، ژمارەیەک سندوقیان لە بنکەى دەنگدانى شروق بردووە."

لاى خۆشیەوە سەرچاوەیەکى ئەمنى لە ناحیەى جەلەولا کەداوایکرد ناوى بڵاونەکرێتەوە، ئاماژەى بەوەکرد گروپى عەسایب رۆژى هەڵبژاردن لەبەردەم سندوقەکانى دەنگدان راوەستاون و هەر دەنگدەرێک و بڕى 25 هەزار دینارى عێراقیان پێداوە، وتى"دواتر دەنگدەریان سوێند داوە، تا دڵنیابن لەوەى دەنگى بەکاندیدەکەى عەسایب داوە."

تۆمەتبارکردنى گروپى عەسایب لە ناحیەى جەلەولا، لە کاتێکدایە هێزە شیعیەکانیش لە قەزاى خانەقین ، یەکێتى نیشتیمانى بە ساختەکارى تۆمەتبار دەکەن، بەڵام یەکێتى تۆمەتەکە رەتدەکاتەوە.

شێرکۆ عەزیز کاندیدى هێزەکانى بەدر لە خانەقین، بەدەنگى ئەمەریکاى وت"پێشتر لە بارەى ساختەکاریەوە ئاگادار کرابوینەوە، بەڵام پێمانوابوو کۆمیسیۆن رێگرى دەکات، کەچى نەیکرد."

پێشتر کورد بەیەک لیست لەدیالە بەشدارى هەڵبژاردنى کردووە و 60 هەزار دەنگ و دوو کورسى پەرلەمانى عێراقى هەبووە، بەڵام لەم هەڵبژاردنەدا، کورد بە 6 لیست و نزیکەى 40 هەزار دەنگى هێنا، ژمارەی کورسیەکانیشى بۆ کورسیەک دابەزى.

please wait

No media source currently available

0:00 0:02:29 0:00

XS
SM
MD
LG