Accessibility links

جێگرى پارێزگارى دیالە: ژمارەیەکى زۆر چەکدارى داعش لە موسڵ و حەویجەوە بەرەو دیالە هاتوون


جێگرى پارێزگارى دیالە، هۆشدارى دەدات لە خراپ بوونى دۆخى ئەمنى پارێزگاکەى و زیادبوونەوەى ژمارەى چەکدارەکانى داعش ، ئەگەر هێزە عێراقیەکان و پێشمەرگە هەماهەنگى نەکەن بۆ دوورخستنەوەى چەکدارە گەڕاوەکانى ئەو رێکخراوە.

کەریم عەلى ئاغا ، بە دەنگى ئەمەریکاى راگەیاند"ژمارەیەکى زۆر چەکدارى داعش لە موسڵ و حەویجەوە گەڕاونەتەوە بۆ ناوچە کێشەلەسەرەکانى دیالە، ئەو چەکدارانە خەڵک دەکوژن و تەقینەوە بۆ هێزە ئەمنیەکان دادەنێن."

دوا چالاکى داعش لە نزیک حەمرین رۆژى سێشەمە بوو ، کاتێک کە بۆمبێکى چێنراویان بە حەشدى شەعبیدا تەقاندەوە و بەو هۆیەوە چەکدارێک گیانى لەدەستدا و 5 چەکدارى تریش برینداربوون.

کەریم عەلى ئاغا ، وتى"ئەگەر پێشمەرگە و هێزە عێراقیەکان هەماهەنگى نەکەن داعش رۆژ لەدواى رۆژ لە گەشەکردندایە و دۆخى پارێزگاکە تێکدەدەن."

وتیشى"ئەگەر عەشایەرە سونەکانیش بەم شێوەى ئێستا لەلایەن حکومەتى عێراقەوە پشتگوێ‌ بخرێن ، گەنجەکانیان پەیوەندى بەداعش دەکەنەوە بۆیە دۆخەکە زۆر مەترسیدارە."

لە ئێستادا جگە لە قەزاى خانەقین ، ناحیەکانى جەلەولا و جەبارە و قەرەتەپە و دەوروبەریان لە ژێر کۆنترۆڵى کورددان ، بەڵام ئەو ناوچە کێشەلەسەرەکانى ترى دیالە حەشدى شەعبى و سوپا تیایاندا باڵادەستن و هەماهەنگیان لەگەڵ پێشمەرگە نیە.

جێگرى پارێزگارى دیالە، هۆکارى نەبوونى هەماهەنگى لە نێوان پێشمەرگە و هێزە عێراقیەکان بۆ قەیرانى متمانە گێڕایەوە، وتى"پێشمەرگە ترسى هەیە سوپا بێتە ناوچە کێشەلەسەرەکان نەکشێتەوە."

ناوچە کێشەلەسەرەکانى پارێزگاى دیالە لەماوەى 13 ساڵى رابردوودا پێگەى گروپە چەکدارە سونەکان بووە، زۆرترین تەقینەوە و کوشت و بڕ لەو ناوچانە روویانداوە.

please wait

No media source currently available

0:00 0:03:05 0:00

XS
SM
MD
LG