Accessibility links

دەست لەکارکێشانەوەی سەرۆک کۆمار و توڕەبوونی لایەنە شیعیەکان


هەڕەشەکانی سەرۆک کۆماری عێراق بۆ دەست لەکارکێشانەوە لە پۆستەکەی، دۆخێکی نوێی لە عێراق هێناوەتە ئاراوە و دۆخە سیاسیەکەی ئاڵۆزتر کردووە، پێدەچێت کوتلە شیعیەکان لەسەر کاندیدکردنی کەسێک بۆ سەرۆک وەزیران ڕازی بن کەخواستی شەقامی لەسەر بێت.

نامەکەی بەرهەم ساڵەح سەرۆک کۆماری عێراق بۆ ئەنجومەنی نوێنەران، کە ڕاسپاردنی کاندیدی کوتلەی بونیاتنانی بۆ پێکهێنانی حکومەت ڕەتکردەوە و ئامادەیی خۆی نیشاندا بۆ دەست لەکارکێشانەوە، دۆخی عێراقی بردە قۆناغێکی نوێوە.

هەڵوێستە نوێ یەکەی سەرۆک کۆماری عێراق، کوتلە شیعیە دەسەڵاتدارەکانی تەواو توڕە و شەقامی عێراقیشی دڵخۆش کردووە، بەڵام کوتلە شیعیەکان لە دۆخێکدان، سەرباری توڕەییان، ناتوانن هەڵوێستی یەکلاکەرەوە بەرامبەر سەرۆک کۆمار وەربگرن.

حەسەن جیهاد ڕاوێژکار لە سەرۆکایەتی کۆماری عێراق، بەدەنگی ئەمەریکای وت"سەرۆک کۆمار وازهێنانی لە پۆستەکەی پێ باشترە، تا کاندیدکردنی کەسێک کە گەل پێی ڕازی نەبێت، چونکە ئەمە کێشەکان قوڵتر دەکاتەوە."

وتیشی"گرەوەکان لەسەر ماندوو کردنی خەڵکی عێراق و جێهێشتنی شەقام شکستیان هێنا، خەڵک ناڕواتەوە ماڵ، تا داواکاریەکانی جێبەجێ نەکرێت."

نامەکەی سەرۆک کۆمار بۆ پەرلەمانی عێراق، بەشێک لەلایەنە شیعەکانی تەواو توڕەکرد، بەتایبەت ئەو لایەنانەی کە لە ئێرانەوە نزیکن و خەڵک لە دژیان ڕاپەڕیووە، بۆیە "هەڕەشەکردن" لە سەرۆک کۆمار بە خیتابیانەوە ڕەنگی دایەوە.

هەرچەندە هەندێک میدیا باس لە فشار و هەڕەشەکردنی ڕاستەوخۆ لەلایەن ئێران و لایەنە نزیکیەکانیەوە لەسەرۆک کۆمار دەکەن، بەڵام تا ئێستا ئەمە لەلایەن سەرۆکایەتی کۆمارەوە پشتڕاست نەکراوەتەوە.

حەسەن جیهاد، نەیشاردەوە کە هەندێک لایەنی شیعی بەتایبەت عەسایب و حیزبوڵا بەئاشکرا دژی سەرۆکایەتی کۆمار وەستاونەتەوە، وتی"بەڵام دەست لەکارکێشانەوە باشترە، لەکاندیدکردنی کەسێک کە ببێتە مایەی کێشەیەکی گەورە."

هەڕەشەکانی سەرۆک کۆمار هەرچەندە وەکو فشار لێکدەدرێتەوە، بەڵام کاردانەوەی گەورەی دروستکرد، جگە لە شەقامی عێراقی، بەشێک لە لایەنە شیعیەکان و هەندێک لایەنی سونەش پاڵپشتیان بۆ دووپاتکردەوە.

مەرجەعیەتی باڵای شیعەکانی عێراقیش، پێچەوانەی هەینیەکانی تر، لە وتاری ئەمڕۆ هەینی دا، خۆی لە خیتابی سیاسی بەدوور گرت، کە ئەم بێدەنگیەی مەرجەعیەت، بە پەیامی ناڕەزایەتی لەبەرامبەر گوێڕایەڵی نەکردنی لێکدەدریتەوە.

سەرچاوەیەکی ئاگادار لە دۆخی سیاسی عێراق کە داوایکرد ناوی بڵاونەکرێتەوە، بەدەنگی ئەمەریکای وت"دۆخەکە بەرەو ئەوە دەڕوات ئێران و کوتلە شیعیەکان مل بۆ کاندید کردنی کەسێک بدەن کە ڕای شەقامی لەسەر بێت."

سەرچاوەکە، وتیشی"هەندێک ناو هەن کە جێی ڕەزامەندی شەقامن و ڕەنگە کاندید بکرێن، بەڵام ناتوانین ناوەکانیان ئاشکرا بکەین."

لای خۆشیەوە نەجات حسێن سەرکردە لە ڕەوتی حیکمەی نیشتیمانی شیعی، دۆخی عێراقی بە"هەستیار" وەسفکرد و ئاماژەی بەوەکرد ئێستا کاتی دەست لەکارکێشانەوەی سەرۆک کۆمار نیە، وتی"دەست لەکارکێشانەوە دۆخی عێراق زیاتر تێکدەدات، بەتایبەت وەزعی عێراق زۆر مەترسیدارە."

وتیشی"دەبووایە سەرۆک کۆمار کەسێکی بێ لایەنی جێی رەزامەندی شەقامی راسپاردایە بۆ پێکهێنانی حکومەت، تۆپەکەی هەڵدایەتە گۆڕەپانی پەرلەمان، بەڵام ئێستا دەست لەکارکێشانەوە بە هەڵاتن لە بەرپرسێارێتی لێکدەدرێتەوە."

ئەسعەد عیدانی کاندیدی کوتلەی بونیاتنان بۆ پێکهێنانی حکومەت، کە ڕاسپاردنی لەلایەن بەرهەم ساڵەحەوە ڕەتکرایەوە، پێشتر پارێزگاری بەسرە بووە و خۆپیشاندەرانی عێراق دژی وەستاونەتەوە.

please wait

No media source currently available

0:00 0:06:02 0:00


XS
SM
MD
LG