Accessibility links

پـۆڵا تاڵەبانى: پێگەى حزبە کوردیەکان لە نێو کوردانى دانیشتووى بەغدا لاوازە


بەرپرسى مەڵبەندى بەغداى یەکێتى نیشتیمانى کوردستان دەڵێت، بەپێى بەدواداچوونە نافەرمیەکان، نزیکەى یەک ملیۆن کورد لەبەغدا دەژین، بەڵام پێگەى حیزبە کوردیەکان لە نێویاندا لاوازە.

لە گفتووگۆیەکدا لەگەڵ دەنگى ئەمەریکا، پۆڵا سیروان تاڵەبانى، لاوازى پێگەى حیزبە کوردیەکان لە نێو کوردانى دانیشتووى بەغدا بۆ چەندین هۆکار دەگێڕێتەوە، دەڵێت"کارکردنى بەعس لەسەر کوردانى بەغدا و فشار خستنە سەریان، ڕاگواستن و ئازاردانیان، هۆکارێک بووە بۆ ئەوەى جۆرێک لە دابڕان لەنێوان ئەوان و هێزە کوردیەکاندا دروست ببێت."

بەرپرسى مەڵبەندى بەغداى یەکێتى، نکۆڵى لەوەش نەکرد پشتگوێ خستنى کوردانى بەغدا لەلایەن حیزبە کوردیەکان و خزمەت نەکردنیان، هەروەها لاوازى پێگەى کورد لەبەغدا، هۆکار بوون بۆ دوورکەوتنەوەى کوردانى دانیشتووى بەغدا لە حیزبە کوردیەکان.

لەبەشێکى ترى گفتووگۆکەیدا لەگەڵ دەنگى ئەمەریکا، پۆڵا سیروان تاڵەبانى ئاماژەى بە پێگەى کورد لەبەغدا کرد، وتى"ریفراندۆم و بارگرژیەکانى نێوان هەولێر و بەغدا، کاریگەرى لەسەر پێگەى کورد لەبەغدا بە ئاراستەى لاواز بوون هەبووە."

ناوبراو ، وتیشى"دواى ریفراندۆم بەشێک لە کوردەکانى بەغدا ڕووبەڕووى هەڕەشە لێکردن بوونەوە،کەس نەبوو خۆى بکاتە خاوەنیان و بەتەنها جێهێڵران، بۆیە بەشێکیان بەغدایان بەرەو هەرێمى کوردستان جێهێشت."

جەختیشیکردەوە، وەکو لایەنە کوردیەکان لە هەوڵى ئەوەدان جارێکى تر خۆیان لەبەغدا بە هێز بکەنەوە.

بەرپرسى مەڵبەندى بەغداى یەکێتى، پێیوایە سیاسەتى رابردووى کورد بەرامبەر بە کەرکوک هەڵە بووە، بۆیە نەتوانراوە مادەى 140 جێبەجێ بکرێت و خزمەتى کەرکوکیەکان بکرێت، وتى"دەبووایە کورد بەرامبەر بەو شارە سیاسەت و شێوازى کارکردنى بگۆڕیایە، بۆیە لەمەودوا چۆنیەتى مامەڵە کردن لەگەڵ کەرکوک پێویستى بە پێداچوونەوە هەیە."

بەرپرسەکەى یەکێتى نیشتیمانى، باسیلەوەشکرد کێشە و ناکۆکى نێوان لایەنەکان لەهەرێمى کوردستان رەنگدانەوەى لەسەر بەغداش هەبووە، بۆیە هەرکات کورد لە نێوخوى یەکدەنگ بووبێت لەبەغداش بەهێزبووە، بەپێچەوانەشەوە ناکۆکیە نێوخۆییەکان لاوازى کردووین، وتى"نەیارەکانى کورد لەبەغدا ناکۆکیەکانمان بۆ بەرژەوەندى خۆیان دەقۆزنەوە، ئەوەتا لە کەرکوک چەنێکە ناتوانین پارێزگارێکى کورد دابنێین، خەتاکە تەنها کورد خۆى بووە، گەر پارێزگار دابنرایە دۆخەکە تاڕادەیەک ئاسایى دەبوویەوە، وەکو کورد خۆمان رێگرین لەئاساییکردنەوەى دۆخى کەرکوک."

هەروەها وتیشى"عەرەب و تورکمان دەیانەوێت دۆخى کەرکوک بەشێوەى ئێستا بەردەوامى هەبێت، چونکە دۆخەکە لە قازانجیانە، ئەوە کوردە سەنگ و قورسایى لەو شارە لەدەستداوە، هۆکارە سەرەکیەکەش تەنها خۆمانین."ئەم بەشەى قسەکانى لادەبەین

لەکۆتایى گفتووگۆکەیدا لەگەڵ دەنگى ئەمەریکا، پۆڵا سیروان تاڵەبانى بەرپرسى مەڵبەندى بەغداى یەکێتى، بەدوورى زانى جارێکى تر کورد بتوانێت بەهێز ناوچە کێشە لەسەرەکان کۆنترۆڵ بکاتەوە و دەسەڵاتى جارانى هەبێت، وتى"گەر خۆمان رێکبخەینەوە و یەکهەڵوێست بین، دەتوانین بەهێزى یاساو دەستور بگەرێینەوە بۆ ئەو ناوچانە، لەهەڵبژاردنیشدا دەنگى باش بهێنین."

please wait

No media source currently available

0:00 0:05:36 0:00

XS
SM
MD
LG