Accessibility links

سەرۆکی گروپی برایانی خوبەخش: مەزەندە دەکرێت 10 جۆری مین و تەقەمەنی لە دەڤەری برادۆست هەبێت


ئەحمەد زێباری
ئەحمەد زێباری

پێنج برا لە رێگەی پڕۆژەیەکەوە کار لەسەر ئەوە دەکەن خەڵکی گوندەکانی ناحیەی سیدەکان و دەڤەری برادۆست بەگشتی لە مەترسیەکانی مین و تەقەمەنی هۆشیاربکەنەوە. سەرۆکی گروپی برایانی خوبەخش ئاماژەی بۆ ئەوەکرد کە باوکیان بەهۆی ئەو مین و تەقەمەنیانەوە بووەتە قوربانی و خەڵکێکی زۆر لەو ناوچەیە قوربانی مین و تەقەمەنین و تەنها لە یەک گونددا 10 کەس قوربانی مین و تەقەمەنین بۆیە بە پێویستیان زانیوە کە خەڵکی هۆشیار بکەنەوە تا سەلامەت بژین.

هوشمەند برادۆستی سەرۆکی گروپی برایانی خوبەخش لەبارەی پڕۆژەکەیانەوە بە دەنگی ئەمەریکای وت" مەزەندەی 10 جۆری مین لەو ناوچەیە دەکرێت و بەهیچ شێوەیەک لەکارناکەون و هەمیشە جێگەی مەترسین بۆ تەقینەوە. جاری وا هەبووە مین و تەقەمەنییەکان هاتوونەتە نێو ماڵان و قەراغ شەقامەکان. گوندی وا هەیە 10 مەتر لە مین و تەقەمەنی دوورە چونکە ئاو جێگورکێیان پێدەکات و رووداوەکان زیاتربوونە بۆیە بەگرنگمان زانیوە کە هۆشیاری لەتەواوی گوندەکانی ناوچەکە بڵاوبکەینەوە، تا ئێستا نزیکەی500 کەس تەنها خەڵکی ئەو ناوچەیە بوونەتە قوربانی".

سەرۆکی گروپی برایانی خوبەحش دەشڵێت " لەچوارچێوەی ئەو پڕۆژەیەی کە ڕامانگەیاندووە خولی ڕاهێنان لە گوندەکان دەکەینەوە کە مەترسیەکانی مین و تەقەمەنی چین و چۆن خۆیان دەپارێزن و ئەگەر لە شوێنێک مین و تەقەمەنیان بینی چۆن مامەڵەی لەگەڵدا دەکەن کە پەیوەندی بە دەزگای مینەوە بکەن و لەهەمانکاتیشدا پەیوەندی بە ژمارەی گەرمی 182وە بکەن، لە نێو قوتابخانەکاندا سمینار بۆ قوتابیان ئەنجام دەدەین و پۆستەر و پرۆشور و بزنزکارت بڵاودەکەینەوە کە زانیاری تەواویان لەسەرە".

لەمیانەی وتووێژەکەدا لەگەڵ دەنگی ئەمەریکا، هوشمەند برادوستی سەرۆکی گروپی برایانی خوبەخش گووتیشی" تا ئێستا سەردانی 28 گوندمان کردووە و جگە لە قوتابخانەکان و بەردەوامین و بەرنامەمان هەیە هوشیاری بگەیەنینە 90 گوند و سمیناریش لە 25 قوتابخانە ئەنجام بدەین".

دەڤەری سیدەکان لە 150 گوند پێکهاتووە و دەکەوێتە باکوری ڕۆژهەڵاتی پارێزگای هەولێر بە دووری 144 کیلۆمەتر، سەرچاوەکانیش باس لەوە دەکەن بەشێک لەو مین و تەقەمەنیانەی دەڤەری سیدەکان لە شەڕی هەشت ساڵەی نێوان عێراق و ئێران دانراون و بەشێکی تریش لەو مین و تەقەمەنیانە بەهۆی ئەو شەڕ و ئالوزیانەی نێوان تورکیا و ئێران و هێزە کوردیەکان لەو ناوچەیەدا دانراون بۆیە بەردەوام کوژراو و برینداری لێدەکەوێتەوە.

please wait

No media source currently available

0:00 0:05:04 0:00


XS
SM
MD
LG