Accessibility links

عێراق کەمکردنەوەی بۆ تەندەرێکی ڕاکێشانی نەوت لە کەرکوکەوە بۆ تورکیا ڕاگەیاند


وەزارەتی نەوتی عێراق داوا لەو کۆمپانیانە دەکات کە دەتوانن بە کەمترین نرخ لولەیەکی نەوت بە هەموو پـێداویستیـیەکانیەوە لە بیرە نەوتەکانی کەرکوکەوە بۆ تورکیا ڕابکێشن پەیوەندی پـێوە بکەن.

وەزارەتەکە ئەمڕۆ دووشەممە لەسەر ماڵپەڕەکەی وردەکاری تەندەرەکەی نووسیوە و دەڵێت بریتی دەبێت لە ڕاکێشانی لولەیەکی نەوتی خاو بە تیرەی 120 سانتیمەتر و بە درێژایی 350 کیلۆمەتر. وەها دانراوە لولە نەوتەکە لە بیرە نەوتیـیەکانی کەرکوکەوە بەرەو ناوچەکانی پارێزگای سەڵاحەدین ببرێت و لەوێشەوە بەرەو دەشتی موسڵی ژێر دەسەڵاتی حکومەتی ناوەندی و پاشان لە نزیک ناوچەی سنووری نێوان عێراق و تورکیا و سوریا بچێتە ناو خاکی تورکیاوە و ببەسترێتەوە بە لولەیەکی نەوت کە بەرەو بەندەری جیهانی تورکیا بۆ هەناردەی نەوت دەڕوات.

لە لایەکی دیکە عاسم جیهاد گوتەبێژی وەزارەتی نەوتی عێراق بۆ ئاژانسی دەنگ‌وباسی ڕۆیتەرزی ڕاگەیاند ئەو لولە نەوتە لە توانایدا دەبێت ڕۆژانە زیاتر لە یەک ملیۆن بەرمیل نەوت بگوێزێتەوە.

گوتیشی پـرۆژەکە بە شێوەی وەبەرهەمهێنان جێبەجێ دەکرێت و ئەو کۆمانیانەی لە پـرۆژەکەدا بەشداری دەکەن دواتر لە ماوەیەکی دیاریکراودا بەپـێی گرێبەرستەکە شایستە دارایـیەکانی خۆیان وەردەگرن.

ئاماژەی بۆ ئەوەش کرد ئەو کۆمپانیا بیانیانەی پـرۆژەکە ئەنجام دەدەن دەبێت بەشداری بە کۆمپانیا عێراقیـیەکان بکەن بە ڕێژەیەک کەمتر نەبێت لە 25%.

جێی ئاماژەیە بەر لەوەی داعش لە ساڵی 2014 ناوچەکە داگیربکات، عێراق ڕۆژانە لە نێوان 250 هەزار بۆ 400 هەزار بەرمیل نەوتی خاوی بۆ بەندەری جیهانی تورکیا هەناردەدەکرد.

XS
SM
MD
LG