Accessibility links

فڕانس پـرێس: هەزاران لە دانیشتوانی کەرکوک شارەکە چۆڵدەکەن

  • VOA News

ئاژانسی دەنگ‌وباسی فڕانس پـرێس دەڵێت هەزاران کەس ناوچە کوردیـیەکانی شاری کەرکوک چۆڵدەکەن، بەهۆی ئەوەی مەترسیان هەیە شەڕ و پـێکدادان ناوچەکانیان بگرێتەوە.

ڕۆژنامەوانێکی فڕانس پـرێس بە ئاژانسەکەی ڕاگەیاندووە ئەو خەڵکە ئەمڕۆ دووشەممە بە پاس و ئۆتۆمبیلی بچوک بەرەو هەولێر و سلێمانی بەڕێکەوتوون و ئەمەش وەهای کردووە جادەکان بەهۆی قەرەباڵغیـیەوە بگیرێن.

کاربەدەسـتێکی خۆجێی کە بەرپـرسە لە ئاوارەکان، گوتویەتی دەیان هەزار کەس کە زۆربەیان کوردن شارەکە چۆڵدەکەن، بەڵام لە هەمان کاتدا خەڵک لە باشوری کەرکوک گردبوونەتەوە بۆ پـێشوازیکردن لە هێزە عێراقیـیەکان.

چۆمان قادر تەمەن 51 ساڵ گوتویەتی" بۆیە دەڕۆین چونکە دەترسین شەڕ ڕووبدات. ساڵی 1991 هەر وەکو ئەمڕۆ شارەکەمان چۆڵکرد."

کەسێکی دیکە بە ناوی هێمن شوانی تەمەن 65 ساڵ ئۆباڵی دۆخەکەی خستووەتە ئەستۆی سیاسیـیەکان لە بەغدا و هەولێری پایتەختی هەرێمی کوردستان.

گوتیشی " لە ئارامی دەژیاین بەڵام سیاسیـیەکان چ لە بەغدا و چ لە هەولێر خەمی ئێمەیان نیـیە. ئەوان بۆ نەوت شەڕ دەکەن و قوربانیـیەکەش ئێمەی خەڵکی کەرکوکین."

هێزکانی عێراق کە لە شەوی یەکشەممەوە دەستیان بە هێرشەکە کردووە، توانیویانە سەربازگە و فڕۆکەخانەی کەیوان کۆنترۆڵ بکەن و هەروەها بیرە نەوتیـیەکانیش.

XS
SM
MD
LG