داعش شوێن گۆڕکێ بەو چەکدارانەى دەکات کە خەڵکى پارێزگاى دیالەن، لە حەویجەوە ڕەوانەى نزیک سەنگەرەکانى پێشمەرگەیان لە باشورى کەرکوک و ناوچەى زەرگەى خورماتو دەکات، ئەوەش دواى بەشەرهاتنیان لەگەڵ چەکدارە حەویجەییەکان.
هەفتەى رابردوو چەکدارە دیالەیى و حەویجەییەکان بەشەڕهاتن، شەڕى نێوانیان کوژران و بریندارى لێکەوتەوە، هۆکارى بەشەڕهاتنیان کوژرانى بەرپرسێکى دیارى داعش بووە کە چەکدارە دیالەییەکان گومانیان لەحەویجەییەکان هەبووە.
نەقیب زیاد کاکەیى، ئەفسەرى هەواڵگیرى هێزى پێشمەرگە لە باشورى کەرکوک، بە دەنگى ئەمەریکاى راگەیاند"داعش هێزێکى تازەى رەوانەى نزیک سەنگەرەکانى پێشمەرگە کردووە، کە ئەو هێزە سەرجەم چەکدارەکانى خەڵکى پارێزگاى دیالەن."
وتیشى"داعش هێزەکەى پێشوتریان بەرەو نزیک حەویجە کێشاوەتەوە، کە حەویجەیى بوون."
ناکۆکى نێوان داعشە دیالەیى و حەویجەییەکان چەندین هۆکارى هەیە، بەتایبەت چەکدارە دیالەییەکان پشتیوانى چەکدارە بیانیەکانى ناو داعشن ، لەوانەن کە چەکدارى شەڕکەر و خۆکوژن و دانوستان رەتدەکەنەوە، بەڵام داعشە حەویجەییەکان لەو عەرەبە سونانەن کە دواى هاتنى داعش شوێنیان کەوتون و بەهۆى ئەو دۆخەى داعشى تێکەوتوە، پاشگەز بونەوەیان پێوە دیارە.
لیوا کەمال موسڵیح، فەرماندەى پێشمەرگە لەناوچەى زەرگەى خورماتو، بەدەنگى ئەمەریکاى راگەیاند"دواى ناکۆکیە نێو خۆییەکانى داعش لە حەویجە، داعش هێزى زیاترى رەوانەى ناوچەى زەرگەى نزیک خورماتو کردووە."
قەزاى حەویجەى رۆژئاواى کەرکوک لەئێستادا بوەتە پێگەى بەهێزى چەکدارانى داعش و ژمارەیەکى زۆر چەکدارى تێدا کۆبوەتەوە، ئەو چەکدارانە تەنها شەڕ و هێرشکردنە سەر پێشمەرگە و هێزە عێراقیەکان پێکەوە کۆى کردونەتوە، ئەگینا لەنێو خۆیاندا زۆر رێک و هاوڕا نین.