Accessibility links

بەرپرسی مەڵبەندی کەرکوک: گەر ئیقلیم ڕێگربێت لە پێدانی پۆستی پارێزگار بەکورد، غەدرێکی گەورەیە


بەرپرسی مەڵبەندی کەرکوکی یەکێتی نیشتیمانی کوردستان ڕایدەگەیەنێت، پۆستی پارێزگاری کەرکوک پشکی کوردە و لەنێو کوردیشدا پشکی یەکێتی یە، جەخت لەسەر ئەوەش دەکاتەوە گەر هەر وڵاتێکی هەرێمی ڕێگری بکات لەپێدانی ئەو پۆستە بەکورد، غەدرێکی گەورە دەکات.

لەم گفتووگۆیەدا لەگەڵ دەنگی ئەمەریکا، ڕەوەند مەلا مەحمود بەرپرسی مەڵبەندی کەرکوکی یەکێتی دەڵێت "یەکێتی بڕیاریداوە کەرکوک بکاتە 3 مەڵبەند، مەڵبەندی ڕۆژاوا و ڕۆژهەڵات و ناوشاری کەرکوک، هەر سەرکردەیەکیش لەکۆنگرەدا لەسەر کەرکوک دەنگی هێنابێت، دەبێت لەکەرکوک ئەرکێک بگرێتە ئەستۆ بۆ باشکردنی وەزعی شارەکە."

دەربارەی پۆستی پارێزگاری کەرکوک، ڕەوەند مەلا مەحمود وتی"پۆستی پارێزگاری کەرکوک لەدوای ڕووخانی بەعسەوە هی کوردە و ناو کوردیشدا هی یەکێتیە، لەهەموو هەڵبژاردنەکانیشدا یەکێتی دەنگی یەکەمی هێناوە، بۆیە ئەو پۆستە هی یەکێتیە."

جەختکردنەوەی وەرگرتنەوەی پۆستی پارێزگاری کەرکوک لەلایەن یەکێتیەوە لەکاتێکدایە، پارتی داوای ئەو پۆستە دەکات، لەوبارەیەوە ڕەوەند مەلا مەحمود وتی"پارتی هیچ بابەتێکی جدی لەسەر کەرکوک نییە، هەر بابەتێکی هەبێت، پلانێکی لە پشتە،چونکە ئەوان هۆکاربوون بۆ بەدەست نەهێنانەوەی پۆستی پارێزگار و هەماهەنگی یەکێتیان نەکرد."

وتیشی"پارتی لە 2018 ەوە کەرکوکی بایکۆت کردووە، ئێستا گەڕاونەتەوە و بێ هیچ پاساوێک داوای پۆستی پارێزگار دەکەن، بابەتەکە تەنها قسەیە، بۆیە پێموانییە پارتی پلانی جدی هەبێت بۆ کەرکوک."

لەنێو بەشێک لە چاودێران دا ئەو بۆچوونە دروستبووە، پۆستی پارێزگاری کەرکوک تێکەڵ بە ململانێ ئیقلیمیەکانیش کراوە و وەرگرتنەوەی لەلایەن کوردەوە ئەستەم بووە، بەڵام ڕەوەند مەلا مەحمود بەرپرسی مەڵبەندی کەرکوکی یەکێتی دەڵێت"کەرکوک زۆرینەی کوردە، هەر بابەتێکی ئیقلیمی دروست ببێت، غەدرێکی گەورەیە لەکورد، چونکە عەرەب و تورکمان نەیانتوانیووە لە دوو کورسی و سێ کورسی زیاتر بهێنن، لەکاتێکدا کورد هەندێکجار سەرووی 7 کورسیشی هێناوە."

پۆستی پارێزگاری کەرکوک لە کۆتایی ساڵی 2017 ەوە و لەوکاتەوە کە هێزە عێراقیەکان شارەکەیان کۆنترۆڵ کرد، لەلایەن ڕاکان جبوریەوە بەڕێوەدەبرێت، کە ناوبراو پێشتر جێگری پارێزگار بووە لەسەر پشکی عەرەبی سونە.

please wait

No media source currently available

0:00 0:04:36 0:00


XS
SM
MD
LG