Accessibility links

نازم کەهیە: بەرەى تورکمانى دەیەوێت ئاڵاکەیان لەسەر دامودەزگاکانى کەرکوک هەڵبکرێت


بەرەى تورکمانى بەردەوامە لەسەر جوڵاندنى داوا یاساییەکەى لەدژى سەرۆکى ئەنجومەنى پارێزگاى کەرکوک کە لەدادگاى ئیدارى لەسەر هەڵکردنى ئاڵاى کوردستان تۆمارى کردبوو، رۆژى 16ى ئابیش وەکو وادەى دادگایى کردنى رێبوار تاڵەبانى دیاریکراوە.

نازم کەهیە سەرۆکى پارتى دیموکراتى تورکمانى سەربەخۆ و رێکخەرى پەیوەندیەکانى نێوان پێشمەرگەوحەشدى شەعبى، پێیوایە ئامانجى بەرەى تورکمانى لە جوڵاندنى دۆسیەى هەڵکردنى ئاڵاى کوردستان، بۆ ئەوەیە تارێگەیان پێبدرێت ئاڵاى ئەوانیش لەسەردام و دەزگا حکومیەکانى کەرکوک هەڵبکرێت.

ناوبراو بەدەنگى ئەمەریکاى راگەیاند"ئێستا ئاڵایەکى زۆرى بەرەى تورکمانى لەشوێنە گشتیەکانى کەرکوک هەڵکراوە، ئەمەش ئەو نیەتەى بەرەى تورکمانى زیاتر دەردەخات."

لەسەر هەڵکردنى ئاڵاى کوردستان دوو سکاڵا تۆمار کراوە، سکاڵایەکیان لەدادگاى ئیدارى و لەلایەن چەند پەرلەمانتارێکى تورکمانەوە تۆمارکراوە، سکاڵاکەى تریش لەلایەن پەرلەمانتارێکى کوتلەى عەرەبیەوە لەدادگاى ئیتیحادى تۆمارکراوە.

بەشێک لە بەرپرسانى کورد پێشبینى دەکەن دەرئەنجامى سکاڵاکان بەوە کۆتایى بێت کەدادگا بریارى داگرتنى ئاڵاى کوردستان بدات، بەڵام کورد ئەم بریارە بەنایاسایى و سیاسى دەزانێت و پێوەى پابەند نابێت.

ئیبراهیم خەلیل ئەندامى ئەنجومەنى پارێزگاى کەرکوک، بەدەنگى ئەمەریکاى راگەیاند"بریارى هەڵکردنى ئاڵاى کوردستان بریارى ئەنجومەنى پارێزگاى کەرکوکە و بریارێکى دەستوریە، بۆیە لێى پاشگەز نابینەوە."

تائێستا دووجار وادەى دادگایى کردنى رێبوار تاڵەبانى لەلایەن دادگاى ئیداریەوە دواخراوە، هەردوو جارەکەش دادگا خۆى وادەکەى دواخستوە، بەرپرسانى کوردیش پێیانوایە یەکلایى کردنەوەى ئەو دۆسیە کارى دادگاى ئیداری نیە.

XS
SM
MD
LG