Accessibility links

داعش لە خورماتوو هێرشى کردە سەر حەشدى شەعبى و لە کەرکوکیش پێشمەرگە خراوەتە ئامادەباشیەوە


داعش لە باشورى قەزاى خورماتوى سەربەپارێزگاى سەڵاحەدین هێرشیانکردوەتە سەر چەند ڕەبیەیەکى هێزەکانى حەشدى شەعبى و پێشمەرگەش لەرۆژئاواى کەرکوک خراوەتە حاڵەتى ئامادەباشیەوە ، بەهۆى کۆکردنەوەى هێز لەناوچەکە لەلایەن داعشەوە.

شوان حەمەغەریب فەرماندەى لیواى پێشمەرگە لەرۆژئاواى کەرکوک، بەدەنگى ئەمەریکاى راگەیاند"ئەو زیانانەى داعش لەموسڵ بەسوپاى عێراقى گەیاندووە کاریگەرى لەسەر هێزەکانى داعش لەحەویجەش هەبووە، بۆیە داعش هێزى کۆکردوەتەوە و پێشمەرگەش لە ئامادەباشیدایە."

لە چەند شەوى ڕابردوودا هێزەکانى داعش لە باشورى قەزاى خورماتوى سەربەپارێزگاى سەڵاحەدین پەلامارى خاڵە سەربازیەکانى حەشدى شەعبیان داوە و دواى پێکدادانى چەند کاتژمێرى ، چەکدارەکانى داعش لەناوچەکە کشاونەتەوە.

لیوا محەمەد قادر فەرماندەى پێشمەرگە لەباشورى کەرکوک، ئاماژەى بەوەکرد تێکشکانى سوپاى عێراق لە موسڵ کاریگەرى لەسەر هێزەکانى داعش لەدەوروبەرى کەرکوک هەبووە، وتى"داعش کەش و هەواى باراناوى ناوچەکەش بەسودى خۆى دەزانێت و دەیەوێت بوونى خۆى لەناوچەکەدا بسەلمێنێت."

بەڵام بەبرواى حەمدى گلى شارەزاى بوارى سەربازى ، داعش هەرچەندە رووبەرێکى فراوان زەوى لەعێراق لەدەستداوە ، بەڵام بەهۆى ئەوەى ئەو رێکخراوە ژمارەیەک مەتبەخى سەربازى بەهێزى هەیە بۆیە پێناچێت داعش بە ئاسانى لەعێراق تێکبشکێنرێت.

حەمدى گلى وتى"داعش موسڵ و حەویجە بە ناوچەى ستراتیژى بۆ خۆى دەزانێت ، بۆیە دەیەوێت داکۆکى لەو ناوچانە بکات و پارێزگاریان لێبکات."

هەرچەندە داعش زۆربەى ئەو ناوچانەى لەدەستداوە کەپێشتر لە عێراق کۆنترۆڵى کردبوون ، بەڵام هێشتا ژمارەیەکى زۆر چەکدارى داعش لەناوچە سونەنیشینەکانى عێراق ماونەتەوە و لە پێکداداندان لەگەڵ پێشمەرگە و هێزە عێراقیەکاندا.

XS
SM
MD
LG