Accessibility links

ڕۆیتەرز: چەند سەرچاوەیەک دەڵێن گروپی سەر بە ئێران لە پشت هێرشەکەی سەر کازمی بوون


ئاژانسی دەنگ‌وباسی ڕۆیتەرز دەڵێت دوو کاربەدەستی ئاسایشی عێراق و سێ سەرچاوەی نزیک لە گروپە چەکدارەکان وتوویانە بە لایەنی کەم گروپێـک لەوانەی ئێران پشتیوانیان دەکات بەرپـرسن لەو هێرشەی کرایە سەر سەرۆک وەزیری عێراق.

ڕۆیتەزر ئەمڕۆ دووشەممە لە هەواڵەکەی نووسیویەتی ئەو دوو کاربەدەستە و سەرچاوەکان کە نەیانویستووە ناویان ئاشکرابکرێت زانیاریـیەکانیان ئاشکراکردووە، بەڵام هەندێک جیاوازی لە نێوان لێدوانەکانیان هەبووە.

دەڵێت دوو کاربەدەستە ئاسایشیـیەکە وتوویانە کەتائیب حزبوڵڵا و عەسائب ئەهل ئەلحەق پـێکەوە هێرشەکەیان ئەنجامدابوو، بەڵام سەرچاوەیەکی نزیک لە گروپێکی چەکدار وتوویەتی کەتائیب لە پشت هێرشەکەوەیە، وە ناتوانێت پشتڕاستیبکاتەوە عەسائب دەستی تێدا هەبووبێت.

هێشتا ئەم دوو گروپەی سەر بە ئێران هیچ لێدوانێکیان لەم بارەیەوە نەداوە.

ڕۆیتەرز دەشڵێت وتەبێژی یەکێک لەو گروپانە خۆی لاداوە لەوەی قسە لەسەر هێرشەکە و ئەنجامدەرانی بکات. هەروەها حکومەتی ئێرانیش هەتا ئامادەکردنی ئەم هەواڵە وەڵامی پـرسیارەکانی ڕۆیتەرزی نەداوەتەوە.

جێی ئاماژەیە دوێنێ یەکشەممە، جۆو بایدن سەرۆکی ئەمەریکا لە بەیاننامەیەکدا بە توندی هێرشەکەی سەر مستەفا کازمی سەرزەنشتکرد و خۆشحاڵی خۆی دەربڕی بەوەی کازمی پـێوە نەبووە.

سەرۆکی ئەمەریکا لە بەیاننامەکەی جەختی کردەوە لەوەی دەبێت ئەنجامدەرانی هێرشەکە سزابدرێن. فەرمانیشی بە تیمی ئاسایشی نەتەوەیی ئەمەریکا کرد هەموو یارمەتیـیەک پـێشکەشی هێزەکانی ئاسایشی عێراق بکەن لە لێکۆڵینەوەکاندا تاوەکو لایەنی بەرپـرس لە هێرشەکە دەستنیشانبکرێت.

XS
SM
MD
LG