Accessibility links

وەزیری وزەی ئوردن دەڵێت وڵاتەکەی بە نرخی داشکاو نەوت لە عێراق دەکڕێت


وەزیری وزە و سامانە کانزایـیەکانی ئوردن دەڵێت چەند مانگێکی دیکە وڵاتەکەی ڕۆژانە نزیکەی 10 هەزار بەرمیل نەوتی خاو لە عێراق هاوردەدەکات و بە نرخێکی داشکاو لێی دەکڕێت.

هالە زواتی ئەمڕۆ دووشەممە لە لێدوانێکیدا بۆ ئاژانسی دەنگ‌وباسی فەرمی وڵاتەکەی گوتی ئەو بڕە نەوتە 7% ی پـێداویستیـیەکانی وڵاتەکەی دابیندەکات و نرخەکەی 16 دۆلار کەمتر دەبێت بەراورد بە نرخی نەوتی خاوی برنت.

گوتیشی ڕێکەوتنەکە ڕۆژی شەممە لە ناوچەی سنووری ئەلکەرامە- ترێبیل واژوکراوە و لە ماوەی سێ مانگی داهاتوو دەچێتە قۆناغی جێبەجێکردنەوە. هەروەها گوتی ئەو بڕە نەوتە بە تەنکەر لە ناوچەی بێجی پارێزگای سەڵاحەدینەوە دەگوێزرێتەوە بۆ پاڵاوگەی زەرقا لە باکوری ڕۆژهەڵاتی عەممانی پایتەخت.

خانم هالە زواتی باسی لەوەش کرد ڕێکەوتنێکیش کراوە سەبارەت بە پـێدانی وزەی کارەبا لە لایەن ئوردنەوە بە عێراق، بەڵام گوتی ئەو ڕێکەوتنە ڕەنگە نزیکەی دوو ساڵی کاتی بوێت هەتا دەچێتە قۆناغی جێبەجێکردنەوە.

جێی ئاماژەیە ڕۆژی شەممە شاندی عێراق بە سەرۆکایەتی عادل عەبدولمەهدی سەرۆک وەزیر و شاندی ئوردن بە سەرۆکایەتی عومەر ئەلڕەزاز سەرۆک وەزیر لە ناوچەیەکی سەر سنووری نێوان هەردوو وڵات کۆبوونەوە و کۆمەڵێک ڕێکەوتنی ئابوری و بازرگانیان مۆرکرد، لەوانە ئەم ڕێکەوتنی نەوتە کە لە لایەن ثامر ئەلغەزبان وەزیری نەوتی عێراق و هالە زواتی هاوتا ئوردنیـیەکەی واژوکرا.

سەرۆک وەزیری عێراق لە فەیسبوکی خۆی ڤیدیۆیەکی لە بارەی ئەو کۆبوونەوەیە بڵاوکردووەتەوە و تیایدا باس لە گرنگی ڕێکەوتنەکان دەکات و دەڵێت بە قازانجی ئابوری و ئاسایشی ناوچەکە دەکەوێتەوە.

XS
SM
MD
LG