Accessibility links

کاربەدەسـتانی خۆجێی: ئێران دەیەوێت ناوچە سونەنیشینەکانى نزیک سنورى وڵاتەکەى ئاوەدان نەکرێنەوە


بەرپرسانى ناوچە کێشە لە سەرەکانى نێوان هەرێم و بەغدا، باس لەوە دەکەن حەشدى شەعبى رێگرە لەبەردەم ئاوەدانکردنەوەى ژمارەیەک ناوچەى عەرەب نیشنى سونەى پارێزگاى دیالەى نزیک لە سنورى وڵاتى ئێران.

یەعقوب لهێبى بەڕێوەبەرى ناحیەى جەلەولا کە هاوکات سەرۆک عەشیرەتێکى عەرەبى سونەیە، بە دەنگى ئەمەریکاى راگەیاند"ئێران دەیەوێت ناوچەکانى نزیک سنورى وڵاتەکەى لە دیوى عێراقەوە بە درێژایى 40 کیلۆمەتر چۆڵ بێت، بەڵام عێراقیەکان دەیانەوێت تەنها 5 کیلۆمەتر چۆڵ بێت."

وتیشى"ئێران بۆچونى وایە دانیشتوانى ناوچە سونە نیشینەکانى نزیک وڵاتەکەى بەعسى بوون و سونەن ، بۆیە پێیانخۆش نیە سونەى تێدا بێت."

هەرچەندە پارێزگاى دیالە لە داعش پاککراوەتەوە ، بەڵام تائێستاش بەشێکى زۆر لەدانیشتوانى ئەو پارێزگایە کە ئاوارەبوون لەپارێزگاکانى کەرکوک و سەڵاحەدین ماونەتەوە .

لاى خۆشیەوە ئەبومونتەزر فەرماندەى حەشدى شەعبى لەدیالە، رەتیکردەوە ئەوان رێگربن لەبەردەم گەرانەوەى سونەکان بۆ ناوچەکانیان، وتى"ئەو بڕیارە لاى حکومەتى عێراقە."

هاوکات حەسەن محەمەد ئەندامى ئەنجومەنى پارێزگاى سەڵاحەدین ، جەختیکردەوە پلانێک لەدژى ناوچە دابڕاوەکان داڕێژراوە بەوەى ڕێگە نەدرێت ناوچە سونیەکانى نزیک سنورى ئێران ئاوەدان بکرێنەوە.

ناوبراو وتى"جگە لەناوچەى عوزێمى پارێزگاى دیالە، زۆربەى گوندەکانى ئەو پارێزگایە تائێستا دانیشتوانەکانیان نەگەڕاونەتەوە."

کاتێک ناحیەکانى جەلەولا و سەعدیەى پارێزگاى دیالە لەلایەن داعشەوە کۆنترۆڵکران کە ئەو ناحیانە نزیکن لە سنورى ئێرانەوە ، بەرپرسانى ئەو وڵاتە هاتنە خەت و هاوکارى پێشمەرگە و حەشدى شەعبى یان کرد بۆ تێکشکاندنى داعش و دوورخستنەوەیان لە ناوچە سنوریەکان.

XS
SM
MD
LG