وەزیری دەرەوەی عێراق ناڕەزایی وڵاتەکەی دەربڕی بەرامبەر ئەو ڕاپـۆرتانەی باس لەوە دەکەن ئیسرائیل بە نیازە لەو هێزەدا بەشداری بکات کە بە ڕێبەرایەتی ئەمەریکا لە کەنداو پـێکدەهێنرێت بۆ پاراستنی کەشتیـیەکان.
محەمەد عەلی ئەلحەکیم ئەمڕۆ دووشەممە لەسەر تویتەرەکەی نووسیویەتی"عێراق ڕەتیدەکاتەوە هێزەکانی قەوارەی زایۆنی [ئیسرائیل] بەشداری بکەن لە هەرچ هێزێکی لەشکری بۆ زامنکردنی هاتوچۆی کەشتیـیەکان لە کەنداو وە عێراق هەوڵ دەدات بۆ کەمکردنەوەی گرژیـیەکان لە ناوچەکەمان لە ڕێگەی دانوستاندنی هێمنانە وە بوونی هێزی ڕۆژئاوایی لە ناوچەکە لە گرژیـیەکان زیادەکات."
هەرچەندە ئیسرائیل بە فەرمی ڕاینەگەیاندووە بەشداری لەو هێزەی کەنداودا دەکات، بەڵام میدیاکانی ئەو وڵاتە دەڵێن یسرائیل کاتس وەزیری دەرەوەی ئیسرائیل هەفتەی ڕابردوو لە کۆبوونەوەیەکی داخراوی کۆمیتەی پەیوەندیـیەکانی دەرەوە و بەرگری لە پەرلەمانی وڵاتەکەی گوتویەتی ئیسرائیل لە بواری هەواڵگری و بواری دیکە بەشداری لەو ئەرکەدا دەکات لە تەنگەی هورمز.