Accessibility links

لە شەڕی نێوان داعش و کۆمەڵێک گوندنیشیندا، 7 گوندنیشین کوژران و برینداربوون


لە هێرشێکی داعشدا بۆ سەر گوندێکی سنوری ناحیەی جەلەولای پارێزگای دیالە، 5 گوندنیشین کوژران و دوو گوندنیشینی تریش برینداربوون، ئەنجامدانی هێرشەکەش لە کاتێکدا بووە، کە حکومەتی عێراق هێزی لەو ناوچەیە جێگۆڕکێ پێکردووە.

هێرشەکەی داعش بۆ سەر گوندەکانی سنوری شێخ باوە بووە، کە ئەو ناوچەیە لە کورد و عەرەب پێکهاتووە و لە ژێر کۆنترۆڵی هێزە عێراقیەکاندایە، بەڵام ئەو ناوچەیەی هێرشیکراوەتە سەر، هاوسنورە لەگەڵ هێزەکانی پێشمەرگەدا.

شەماڵ عەبدولڕەحمان بەڕێوەبەری ئاسایشی ناحیەی کوڵەجۆ، کە هێرشەکەی داعش لە نزیک ناحیەکەی ڕوویداوە، بە دەنگی ئەمەریکای وت"بەڕۆژ کەش و هەوا گەرمە، بۆیە جوتیارەکان بە شەو کاری ئاودێری و کشتوکاڵی ئەنجام دەدەن، شەوی ڕابردوو، لەکاتێکدا 4 جوتیار سەرقاڵی ئاودێری بوون لەگوندی بنەباخ، چەکدارانی داعش دەستگیریان کردوون، دووانیان ئازاد کردوون و دووانەکەیان تریان بە تراکتۆرەکانی خۆیان بردووە."

دوو جوتیارە ئازادکراوەکە، دانیشتوانی گوندەکانیان لە ڕفاندنی دوو جوتیارەکەی تر ئاگاداکردووەتەوە، بۆیە هەندێک لە دانیشتووانی گوندەکانی شێخ باوە، ئومولحونتە و قەڵا کۆبوونەتەوە و شوێن چەکدارەکان کەوتوون، بەمەبەستی ڕزگارکردنی دوو ڕۆفێنراوەکە.

وەک بەڕێوەبەری ناحیەی کوڵەجۆ ئاماژەی پێکرد، کاتێک خەڵکی گوندەکان نزیک بوونەتەوە لە چەکدارەکانی داعش کە دوو ڕفێنراوەکەیان پێبووە، داعش بۆسەی بۆ داناون و هێرشیکردووەتە سەر گوندنیشینەکان و شەڕ دروستبووە، وتی"لەئەنجامدا 5 گوندنیشین کوژراون و دوو گوندنیشینی تریش برینداربوون، دوو لە گوندنیشینە کوژراوەکان کورد و 3 گوندنیشینەکەی تریش عەرەب بوون."

سەبارەت بە چارەنوسی دوو ڕفێنراوەکە، شەماڵ عەبدولڕەحمان بەڕێوەبەری ئاسایش کوڵەجۆ، وتی"کاتێک شەڕ دروستبووە، دوو ڕفێنراوەکە لە دەستی داعش هەڵاتوون."

ئەنجامدانی هێرشەکەی شەوی ڕابردووی داعش بۆ سەر گوندەکانی نێوان ناحیەکانی جەلەولا و کوڵەجۆ، لەکاتێکدایە ماوەیەکە دۆخی ئەمنی ئەو ناوچانە هێور بووەتەوە، داعش لەو سنورانە هیچ چالاکی و جم‌وجۆڵێکی نەبووە.

بەڕێوەبەری ئاسایشی کوڵەجۆ، هۆکاری هێرشەکەی بۆ جێگۆڕکێی هێز لەلایەن حکومەتی عێراقەوە گێڕایەوە، وتی"ماوەی سێ ڕۆژە فیرقەی 5 ی سوپای عێراق لە ناوچەکە گواستراونەتەوە و فیرقەی 1 جێی گرتوونەتەوە، فیرقەی 5 هەموو کامیرە و پێداویستەکانیان لەگەڵ خۆیان بردووە، فیرقە تازەکە هێشتا شارەزای ناوچەکە نیە، داعشیش ئەمەی بەدەرفەت زانیووە و ئەو کارەساتەی خوڵقاندووە."

لە ساڵی2014 ەوە دۆخی ئەمنی گوندەکانی سنوری جەلەولا خراپە، بە تایبەت چەکدارانی داعش سودیان لە دارستانە چڕەکانی ئەو ناوچەیە بۆ خۆحەشاردان وەرگرتووە، بەڵام لە ماوەی چەند مانگی ڕابردوودا، حکومەتی عێراق لەچوارچێوەی گرتنەبەری ڕێوشوێنی ئەمنیدا، بەشێک لە دارستانەکانی بە تەواوەتی خاپور کرد.

please wait

No media source currently available

0:00 0:03:36 0:00


XS
SM
MD
LG