Accessibility links

هێرشی خۆکوژی پلانی نوێی داعشە لەناوچە کێشەلەسەرەکان


جموجۆڵی داعش لەتەواوی ناوچەکێشەلەسەرەکان ڕووی لە هەڵکشانە، بەشێوەیەک هێرش و پەلامارەکانیان بۆ سەر هێزە عێراقیەکان چڕکردووەتەوە، هێرشەکانیشیان زۆربەی کات بەئاشکراو لە ڕۆژدا ئەنجام دەدەن.

گەرمەترسی چەکدارانی داعش، پێشتر تەنها لەسەر گوند و ناوچە دوورە دەستەکان بووبێت، ئەوا لە ئێستادا خۆکوژەکانی سەربەو ڕێکخراوە، هەوڵی گەیشتن بەنێو شاروشارۆچکەکان دەدەن، کە هێزە عێراقیەکان، هیرشە خۆکوژیەکەی ئەمڕۆ سێشەمەی کەرکوک، بە "زەنگێکی مەترسیدار" وەسف دەکەن.

لەهێرشی چەکدارێکی خۆکوژدا بۆ سەر بارەگای هەواڵگیری عێراق لەکەرکوک، نزیکەی 6 کارمەندی هێزە ئەمنیەکان برینداربوون، کە یەکێک لە بریندارەکان ئەفسەری هەواڵگیری بووە.

بەپێی وتەی دەزگا ئەمنیەکانی عێراق، زانیاری پێشوەختیان لەسەر ئەگەری هێرشکردنە سەر دەزگای هەواڵگیری و جوڵەی خۆکوژەکە هەبووە، هەوڵیداوە لەڕێگەی پشتوێنی بۆمب رێژکراو و بۆمبی دەستیەوە، دەزگای هەواڵگیری کەرکوک بکاتە ئامانج.

ئەحمەد خورشید ئەندامی ئەنجومەنی قەزای حەویجەی ڕۆژئاوای کەرکوک، بەدەنگی ئەمەریکای وت"داعش لە سنوری حەویجە بەئاشکرا جوڵەیان هەیە، هەر لەوێشەوە پلانی هێرشەکان دادەڕێژن."

هەرچەندە ئەحمەد خورشید، ژمارەی چەکدارانی داعشی لە تەواوی ناوچە جیاجیاکانی دەوروبەری کەرکوک، بەنزیکەی 500 چەکدار مەزەندە کرد، بەڵام لیوا هیوا ڕەش فەرماندەی پێشمەرگە لەسنوری کەرکوک، پێیوایە ژمارەی راستەقینەی چەکدارانی داعش نازانرێت.

لیوا هیوا ڕەش وتی"چەکدارانی داعش بە مەفرەزەی بچوک بچوک دەسوڕێنەوە، کار لەسەر ماندوو کردن و بێزارکردنی هێزە عێراقیەکان دەکەن."

جوڵەی چەکدارانی داعش پێشتر بەنهێنی و تەنها لەشەوان دا بوو، بەڵام لەوەتەی هێزەکانی هاوپەیمانان لە سەربازگەی کەیوەن ی کەرکوک کشاونەتەوە، جوڵەکانیان ئاشکرایە و چاودێری فڕۆکەکانی هاوپەیمانانیان لەسەر نەماوە.

ئەحمەد خورشید وتی"چەکدارانی داعش پێشتر لە فڕۆکەکانی هاوپەیمانان دەترسان، بەڵام ئێستا لە فڕۆکە عێراقیەکان ناترسن، چونکە بە ئامانج گرتنیان لاوازە."

لەدوای کشانەوەی هێزەکانی هاوپەیمانان لە کەرکوک، ژمارە و جۆری هێرشی چەکدارانی داعش بەتەواوەتی گۆڕانکاری بەسەردا هاتووە و ژمارەی هێرشەکانیان تەواو زیادیکردووە.

بەپێی زانیاریەکانی دەنگی ئەمەریکا، پێش ئەنجامدانی هێرشەکەی ئەمڕۆی کەرکوک، زانیاری هەواڵگیری لەسەر هێرشی خۆکوژی بۆ هەندێ ناوچەی تری کێشە لەسەر و تەنانەت سنوری دەسەڵاتی هەرێمیش هەبووە، بۆیە ڕێوشوێنی ئەمنی لەزۆر ناوچە گیراونەتە بەر.

مەترسیەکان زیاتر لە سەر دزەکردنی ئۆتۆمبێلی بۆمبرێژکراو بووە بۆ نێو ئەو شاروشارچکانە، بۆیە ڕێگەگیراوە لەهاتووچۆی ئۆتۆمبێل بۆ نێو جێگە قەرباڵغەکان.

عەقید جمهور رۆستەم فەرماندەی پێشمەرگە لە پارێزگای دیالە، پێیوایە داعش بەدوای دەرفەت و ئاڵۆزی سیاسی دا دەگەڕێت، تا هێرشەکانی لە عێراق دەست پێبکاتەوە.

جموجۆڵە فراوانەکانی داعش لەناوچە کێشەلەسەرەکان، لەکاتێکدایە هێچ هەماهەنگیەک لەنێوان پێشمەرگە و هێزە عێراقیەکان نیە .

please wait

No media source currently available

0:00 0:03:09 0:00


XS
SM
MD
LG