Accessibility links

خەڵک ڕفاندن بە ناوی "جیهادەوە" بۆ بازرگانی و پارە پەیداکردن


سەرلەبەیانی ڕۆژی یەکشەمە، کەسێکی نەناسراو لەلایەن چەکدارانی داعش و هێزە کوردیەکانەوە درایە بەر دەسترێژی گولـلە، کاتێک ئەو کەسە لە ناوچەی پەڵکانە لە سنووری پێشمەرگەوە بەرەو سنوری داعش دەڕۆیشت.

ناوچەی پەڵکانە، دەکەوێتە نێوان قەزای خورماتووی پارێزگای سەڵاحەدین و ناوچەی گەرمیان، ئەو ناوچەیە لەدوای 16ی ئۆکتۆبەری ساڵی 2017 ەوە بووەتە پێگەی داعش و ئەو خەڵکانەی دەرفێنرێن، لەو ناوچەیە زیندانی دەکرێن.

کەسە نەناسراوەکە بێ گوێدانە تەقەی هێزە کوردیەکان و چەکدارانی داعش، خۆی گەیاندە شوێنی مەبەست، ئەو شوێنەی کەوتبووە ناوچەیەکی قەدەغەکراوی سنوری داعشەوە، دواتر کاتێک هێزە کوردیەکان و چەکدارانی داعش کەسەکەیان ناسیەوە، پاشگەز بوونەوە لەتەقەلێکردنی.

کەسە نەناسراوەکە (ب) بوو، خاڵی ( هێمن جەلال و قانع جەلال)، ئەو دوو برایەی دوو هەفتە لەمەوبەر لەناوچەی زینانە لەلایەن چەکدارانی داعشەوە رفێنران و ڕۆژی یەکشەمە، لەبەرامبەر 70 هەزار دۆلاردا ئازادکران.

مەرجی چەکدارانی داعش بۆ ئازادکردنی دوو برا رفێنراوەکە، ئاگادارنەکردنەوەی هێزە کوردیەکان بوو لەکاتی ڕادەستکردنی پارەکەدا پێ یان، بۆیە کاتێک خاڵی رفێنراوەکان پارەکەی بردبوو، خەریکبوو خۆشی لەو نێوەندەدا بکوژرێت.

پرۆسەی رفاندن و وەرگرتنی پارە، لەو ناوچانەی کەوتوونەتە نێوان هێزە عێراقی و کوردیەکانەوە و هیچ هێزێکی دەوڵەتیان تێدا نیە، دیاردەیەکی تازەیە، تائێستا چەندین کەس لەو ناوچانە ڕفێنراون و لەبەرامبەر پارەیەکی زۆردا ئازاد کراون.

عەقید جمهور رۆستەم جێگری فەرماندەی لیوای 3 ی پێشمەرگە، بەدەنگی ئەمەریکای وت"زۆربەی ئەوانەی بۆ پارە خەڵک دەرفێنن، ئەو عەرەبە سونانەن کەلەبەر کێشەی ئەمنی و کۆمەڵایەتی لەحکومەت قاچاخن، دەستیانداوەتە دزی و خەڵک رفاندن."

دوێنێ یەکشەمە، هاوکات لەگەڵ رادەستکردنی هێمن و قانع بەکەس و کارەکەیان، هێزەکانی ئاسایشی گەرمیان، لەناوچەی ئاوەسپی باکوری قەزای خورماتوو، کە

ناوچەیەکی دوورە دەستە، سێ رفێنراویان لەنێو تونێلێکدا دەرهێنا، کە رفێنراوەکان دانیشتووی هەولێرن و بەزنجیر لەنێو تونێلەکەدا بەسترابوونەوە.

گومان دەکرێت ئەو سێ کەسە، کە لەدوو عەرەب و کوردێکی دانیشتووی هەولێر پێکهاتبوون، بۆ پارە رفێنرابن و لەنێو تونێلەکەدا دەست بەسەرکرابن، ئاسایشیش چەند کەسێکیان بە تۆمەتی رفاندن و بەستنەوەی سێ کەسەکە دەستگیرکردووە.

عەقید جمهور، روونیکردەوە بەشێک لەناوچە کێشەلەسەرەکان، بۆشایی یاسایی و ئەمنی تێیاندا گەیشتۆتە ئاستێک، گروپ پەیدابوون، خەڵک دەڕفێنن و دەیفرۆشن.

دوو هەفتە لەمەوبەر، لەسەر رێگەی نێوان جەبارە/قەرەتەپەی پارێزگای دیالە، ژمارەیەک چەکدار بەجل و بەرگی سەربازیەوە بازگەیان دانا و 8 کەسیان رفاند، یەکێک لە رفێنراوەکان کوردە و بۆ ئازادکردنی داوای 60 هەزار دۆلار دەکرێت.

مانگی رابردووش، گەنجێکی شوانکارەی دانیشتووی گوندێکی سەربە ناحیەی قەرەتەپە لەبەرامبەر 60 هەزار دۆلاردا ئازاد کرا، ئەمە جگە لەوەی چەندین هاوڵاتی تری سڤیل رفێنراون و بۆ ئازادکردنیان داوای پارەی زۆر دەکرێت.

زۆربەی ئەو ناوچەی پرۆسەی رفاندنیان تێدا ئەنجام دەدرێت، سنوری قەزای خورماتووی پارێزگای سەڵاحەدین و ناحیەی قەرەتەپەی پارێزگای دیالەن، کە هێزە کوردی و عێراقیەکان تا ئێستا لەبەر رێک نەکەوتنیان، ئەو ناوچانەیان بەهێز پڕ نەکردۆتەوە.

سەرچاوەیەکی ئەمنی بەرپرس لە پارێزگای دیالە، بەدەنگی ئەمەریکای وت"داعش لەئێستادا خۆی رێکدەخاتەوە و پێویستی بە پارە هەیە، بۆیە خەڵکی سڤیل بۆ پارە ئازاد دەکات."

وتیشی"بەڵام کارمەندی هێزە ئەمنی و سەربازیەکان دەکوژێت."

بەپێی زانیاریەکانی دەنگی ئەمەریکا، لەو ناوچانەی هێزی ئەمنیان تێدا نیە و بەسنوری چالاکی داعش دادەنرێن، چەندین گروپی تری تاوانکاریان تێدا دروستبووە، کە گومان دەکرێت لەکوشتن و رفاندنی خەڵکدا تێوە گلابن.

زانیاریەکان ئاماژەبەوەش دەکەن، نزیکەی 12 چەکداری کوردی خەڵکی ناوچە جیاجیاکانی سنوری کەرکوک و سەڵاحەدینکەناوی ژمارەیەکیان دراوە بەدەنگی ئەمەریکا، دیارنین، ئەو چەکدارانە لە حکومەتی عێراق و هەرێمیش قاچاخن، گومان دەکرێت پاڵیان دابێتە ئەو گروپە چەکدارە عەرەبانەوە کە خەڵک دەڕفێنن.

سەرچاوە ئەمنیە بەرپرسە، جەختیکردەوە بەشێکی تر لەو رفاندنانەی کە ئەنجام دەدرێن، گروپی مافیاین و بۆ پارە ئەو کارە ئەنجام دەدەن.

دروستبوونی گومان لەسەر ناسنامەی ئەو گروپانەی بۆ پارە خەڵک دەڕفێنن، لەکاتێکدایە پێشتر داعش زۆربەی رفێنراوەکانی دەکوشت یان بۆ ئازادکردنیان، داوای ئازادکردنی ئەمیر و چەکدارەکانی لەهێزە ئەمنیەکان دەکرد.

please wait

No media source currently available

0:00 0:05:58 0:00


XS
SM
MD
LG