فڕۆکەی ئەمەریکایی بە نزیکەی 36 تۆن تەقەمەنی بۆردومانی دورگەیەکی بچوکی نێو دەریای دجلە لە باشوری شاری موسڵ دەکەن کە چەکدارانی داعش خۆیان تیایدا حەشارداوە.
هاوپەیمانێتی نێودەوڵەتی لە تویتەرەکەی ڤیدیۆی بۆردومانەکەی بڵاوکردووەتەوە و تیایدا نیشانی دەدات چۆن بۆمبەکان بە ڕیز لە دورگەی کەنعوسی موسڵ دەتەقێنەوە.
کۆلۆنێل مایەڵز کاگنس گوتەبێژی هاوپەیمانێتی نێودەوڵەتی نووسیویەتی فڕۆکەکانی F15 و F35 بۆردومانی دورگەکەیان کردووە.
مەیجەر جەنەڕاڵ ئێریک هڵ فەرماندە لە هاوپەیمانێتی نێودەوڵەتی دژی داعش گوتی ناهێڵن چەکدارانی داعش بواریان هەبێت لە گوندی کەنعوس(كنعوص) خۆیان حەشاربدەن. گوتیشی دەیانەوێت دۆخێکی وەها بێنە ئاراوە کە هێزە هاوپەیمانەکان بتوانن سەقامگیری بۆ ناوچەکە بگێڕنەوە.