Accessibility links

داعش بە ڕێگەیەکی جیاواز تەقینەوەکانی ئەنجام دەدات


داعش چیتر چەکدارەکانى بۆ ئەنجامدانى تەقینەوەى خۆکوژى بەکارناهێنێت، بەڵکو ئاژەڵ و ڕەشەوڵاخ بۆمب رێژدەکات و ڕەوانەى نێو شاروشارۆچکەکانى دەکات، بەرپرسانى حەشدى شەعبیش هۆکارى ئەم پلانەى داعش بۆ کەمبوونەوەى چەکدارەکانى دەگێڕنەوە.

چەند شەوێک لەمەوبەر، چەکدارانى داعش، دوو ڕەشە وڵاخیان بۆمب ڕێژکرد و ڕەوانەى گوندى ئیسڵاحى نزیک ناحیەى جەلەولایان کرد، کە بەهۆى تەقینەوەى دوو ڕەشە وڵاخەکەوە، کەسێک برینداربوو.

محەمەد ئەحمەد کە موختارى یەکێک لە گوندەکانى پارێزگاى دیالەیە، بەدەنگى ئەمەریکاى وت"بۆمب ڕێژکردنى ئاژەڵ، گوندنیشینەکانى تەواو ترساندووە."

وتیشى"جاران گوندنیشینەکان لە ترسى داعش نەدەچوونە هەندێک ناوچە، بەڵام لەمەودوا بۆ ئەوەى مەڕ و ماڵات و ئاژەڵەکانمان پێدا نەتەقێننەوە، دەبێت ئاگادارى مەڕ و ماڵاتیشمان بین."

جەختیشیکردەوە"پلانێکى ترى داعش نزیک بوونەوەیە لە ڕەبیە سەربازیەکان و کوشتنى پاسەوانەکانە بەچەکى قەناس، کە چەند شەوێک لەمەوبەر بەو تاکتیکە، لەگوندى شێرک ى نزیک خانەقین، دوو سەربازى عێراقیان کوشتووە."

بەپێى وتەى سەرچاوەیەکى ئەمنى لە پارێزگاى دیالە، داعش پلانێکى ترى بۆ ئەنجامدانى تەقینەوە داناوە، بەڵام هێزە ئەمنیەکان بەو پلانەیان زانیووە.

سەرچاوەکە کە داوایکرد ناوى بڵاونەکرێتەوە، بەدەنگى ئەمەریکاى وت"داعش دەیەوێت شوتى بۆمب ڕێژ بکات و بینێرێتە نێو شارەکان."

سەرچاوەکە، وتیشى"چەکدارانى داعش بۆ هاتووچۆ، ماتۆرسکیلى بێ دەنگ بەکار دەهێنن."

هاوکات شێرکۆ عەزیز بەرپرس لە ڕێکخراوى بەدرى شیعى، پێیوایە پەنا بردنى داعش بۆ ئاژەڵ تەقاندنەوە، بەهۆى لاواز بوونى تواناکانى ئەو رێکخراوەیە.

شێرکۆ عەزیز، بە دەنگى ئەمەریکاى وت"داعش ژمارەى چەکدارەکانى کەم بۆتەوە، بۆیە لەبرى چەکدار، ئاژەڵ بۆمب ڕێژ دەکات و بۆ تەقینەوە بەکارى دەهێنێت."

please wait

No media source currently available

0:00 0:02:57 0:00

XS
SM
MD
LG