Accessibility links

گۆڕێکی بە کۆمەڵ لە نزیک قەزای حەویجە دەدۆزرتەوە


هێزە ئاسایشیـیەکانی عێراق گۆڕێکی بە کۆمەڵی نوێـیان لە نزیک قەزای حەویجەی پارێزگای کەرکوک دۆزیوەتەوە کە ئێسک‌وپـروسکی دەیان کەسی تێدایە.

موقەدەم عادل ئیسماعیل لە پـۆلیسی فیدراڵی عێراق بە ئاژانسی دەنگ‌وباس فڕانس پـرێسی گوتووە گۆڕە بە کۆمەڵەکە ڕۆژی پـێنجشەممە لە ناحیەی عەباسی سەر بە حەویجە دۆزراوەتەوە و چەکدارانی داعش بە شێوەی بیر هەڵیانکەندووە و تەرمی قوربانیـیەکانیان تیادا فڕێداوە.

هاوڵاتیەکی دانیشتووی ناوچەکەش بە فڕانس پـرێسی گوتووە، ئەو گۆڕە بە کۆمەڵە دەستکردی داعشە و کاتی خۆی خەڵکیان دەکوشت و فڕیان دەدانە ناوی.

لەوەتای ئەو ناوچانە لە دەستی داعش ڕزگارکراون بە دەیان گۆڕی بە کۆمەڵ دۆزراونەتەوە.

بەپـێی ڕاپـۆرتێکی نەتەوە یەکگرتووەکان کە لە مانگی یازدە بڵاوکرایەوە زیاتر لە 200 گۆڕی بە کۆمەڵ لە پارێزگا جیاجیاکانی عێراق دۆزراونەتەوە، لەو ناوچانەی لە ژێر دەستی داعش بوون لە نێوان ساڵانی 2014 هەتا 2017. ڕاپـۆرتەکە دەڵێت مەزەندەدەکرێت ئێسک‌وپـروسکی نزیکەی 12 هەزار کەسیان تێدابێت کە بەشێکیان ژن و منداڵبوون.

XS
SM
MD
LG