Accessibility links

عێراق دەڵێت بە فڕۆکەی F-16 شوێنی داعشی لە سوریا بۆردومانکردووە


فەرماندەیەتی ئۆپەراسیۆنە هاوبەشەکانی عێراق دەڵێت فڕۆکە جەنگیـیەکانیان بۆردومانی دوو شوێنی داعشیان لە ناو خاکی سوریا کردووە.

فەرماندەیەتیـیەکە ئەمڕۆ سێشەممە لە بەیاننامەیەکدا نووسیویەتی، لەسەر ڕاسپاردەی عادل عەبدولمەهدی سەرۆک وەزیر کە فەرماندەی گشتی هێزە چەکدارەکانە و بە سەرپەرشتی فەرماندەیەتی ئۆپەراسیۆنە هاوبەشەکان، فڕۆکە جەنگیـیەکانی عێراق لە جۆری F-16 ئەمڕۆ بەپـێی زانیاری ورد لە بەڕێوەبەرایەتی هەواڵگری و نەهێشتنی تێرۆرزم – شانەی هەڵۆ هەواڵگریـیەکان، هێرشی ئاسمانی کراونەتە سەر شوێنەکانی داعش لە ناوچەی سوسەی ناو خاکی سوریا.

دەشڵێت ئامانجی هێرشەکان دوو شوێن بوون، یەکێکیان حەشارگەیەکی داعش بوو کە تیایدا 30 چەکداری داعش هەبوون و بە نیازبوون کۆبوونەوەیەک بۆ سەرکردەکانیان ئەنجام بدەن. شوێنی دووەم حەشارگەیەکی دیکە بوو کە 14 چەکداری داعشی لە نێودابوون، لەوانەی بە "ئینغیماسیین" ناودێریان دەکەن.

بەیاننامەکە ئاماژەی بۆ ئەوەش کرد، بەپـێی زانیاریـیە هەواڵگریـیەکان هەردوو شوێنەکە بە تەواوی وێرانکراون.

XS
SM
MD
LG