Accessibility links

نەتەوە یەکگرتووەکان: زیاتر لە 200 گۆڕی بە کۆمەڵی داعش لە عێراق دۆزراونەتەوە


نەتەوە یەکگرتوەکان دەڵێت زیاتر لە 200 گۆڕی بە کۆمەڵ لە عێراق دۆزراونەتەوە کە گۆڕەکان قوربانیانی توندوتیژی چەکدارانی داعش لەخۆ دەگرێت لە شارەکانی عێراقدا.

ئەمڕۆ سێشەممە لە ڕاپۆرتێکی نوسینگەی مافەکانی مرۆڤی نەتەوە یەکگرتوەکان و دەستەی هاوکاری نەتەوە یەکگرتوەکان لە عێراقدا هاتووە و دەڵێت بە پێی زانیاریەکانی دەسەڵاتدارانی عێراق و ڕێکخراوە ناحکومیەکان، گۆڕەکان لە نێوان شەش هەزار بۆ 12 هەزار تەرمی لەخۆگرتووە، نەتەوە یەکگرتووەکان پێشبینی دۆزینەوەی گۆڕی بە کۆمەڵی زیاتر دەکەن لە داهاتودا، گۆڕەکان نیوەیان لە ناوچەکانی پارێزگای نەینەوا دۆزراونەتەوە ، ئەو شوێنەی یەکەمین جار گۆڕی بە کۆمەڵی لێ‌دۆزراویەوە لە کۆتای ساڵی 2014 دا، ئەو ناوچانەی لەلایەن هێزەکانی عێراق بە پاڵپشتی ویلایەتە یەکگرتوەکانی ئەمەریکا ڕزگارکران لە دەستی داعش.

وەها مەزەندە دەکرێت تەنها لە نەینەوا 4 هەزار بۆ 10 هەزار و 500 تەرم هەبێت، لەو ناوچانەی داعش داگیرکردبوون بۆ ماوەی زیاتر لە سێ ساڵ. بێجگە لە نەینەوا گۆڕی بە کۆمەڵ لە کەرکوک و سەڵاحەدین و ئەنباریش دۆزراوەنەتەوە.

ڕاپۆرتەکە دەڵێت هەتا ئێستا نزیکەی 1300 تەرم دەر‌هێنراون لەو 202 گۆڕە بە کۆمەڵەی دۆزراونەتەوە، دەشڵێت پرۆسەکە ئاڵۆزە ، پێویستی بە کاری ورد هەیە بۆ دیاریکردنی بەڵگەی تاوانەکانی جەنگ و دیاریکردن و ناسینەوەی تەرمەکان بۆ ئەوەی ڕادەستی خێزانەکانیان بکرێنەوە.

جان کوبیس، نێراوی تایبەتی نەتەوە یەکگرتوەکان بۆ عێراق گوتی ئەو گۆڕە بە کۆمەڵانەی لە ڕاپـۆرتەکەدا ئاماژەیان پـێکراوە بەڵگەن بۆ ئەو زیانە گیانیانەی کەتوونەتەوە و دەری دەخات کە بە ئازار و ئەزیەت و دڵڕەقیەکی ترسناک گیانیان لەدەست داوە، وە هەنگاوێکی گرنگ دەبێت لە پرۆسەی پرسەی خانەوەدەکانیان و مسۆگەرکردنی مافەکانیان و ڕاستی و داپەروەری.

قوربانیەکان بریتین لە هاوڵاتیانی عێراقی و ئەندامانی هێزەکانی عێراق و پۆلیس. ڕاپۆرتی نەتەوە یەکگرتوەکان دەڵێت دەبێت عێراق داتایەکی گشتی دروستبکات بۆ کەسە ونبووەکان و هاوکاری تەکنیکی دابینبکات بۆ لێکۆڵینەوە لە گۆڕەکان و تەرمەکان و هەروەها دروستکردنی دەستەیەکی حکومی بۆ ئەوەی هاوئاهەنگی و ڕێکخستن لەگەڵ خێزانەکاندا بکات.

سەرۆکی کۆمیتەی مافەکانی مرۆڤی نەتەوە یەکگرتوەکان میشێل باچلێت گوتی، داعش تاوانە تۆقێنەرەکانی لە عێراق جێهێشتوە بەڵام تاسان و ترسێکی زۆری بۆ خێزانەکان جێ هێشتوە لەگەڵ هەزاران لە ژن و پیاو منداڵی بێ سەروشوێن.

ڕاپۆرتەکە دەڵێت بە شێوەیەکی گشتی ئەوەی نەتەوە یەکگرتوەکان تۆماری کردووە نزیکەی 30 هەزار هاوڵاتی کوژراون لەگەل 55 هەزاری دیکە برینداربوون بەهۆی توندوتیژیەکانی داعشەوە.

دەستەی کاروباری مافەکانی مرۆڤی نەتەوە یەکگرتوەکان ڕایدەگەیەنن لەو ماوەیە گەیشتونەتە ئەو دەرئەنجامەی کە تاوانەکانی داعش ڕەنگە بگەنە ئاستی تاوانەکانی جەنگ و پێشێلکردنی یاسای مافەکانی نێودەوڵەتی و تاوان دژی مرۆڤایەتی و کۆمەڵکوژی.

XS
SM
MD
LG