Accessibility links

هەلیکۆپتەرێکی هاوپەیمانان لە عێراق دەکەوێتە خوارێ و سەربازێک گیان لەدەست دەدات


هاوپەیمانێتی نێودەوڵەتی بە ڕابەرایەتی ئەمەریکا بۆ شەڕی دژی داعش دەڵێت بەرەبەیانی ئەمڕۆ دووشەممە هەلیکۆپتەرێکی لە عێراق کەوتووەتە خوارێ و لە ئاکامدا سەربازێک گیانی لەدەستداوە و ژمارەیەک برینداربوون.

هاوپەیمانێتیـیەکە ئەمڕۆ دووشەممە لە بەیاننامەیەکدا لەسەر ماڵپەڕەکەی نووسیویەتی لە 19 ی مانگی هەشت لە دەوروبەری کاژمێر 10 ی شەو بە کاتی گرینچ کە دەکاتە 1 ی بەرەبەیانی دووشەممە لە عێراق، سەربازێک گیانی لەدەستداوە و ژمارەیەکی دیکە برینداربوون بەهۆی کەوتنی فڕۆکەکەیان.

دەشڵێت ئەوان لە ئەرکێکدا بوون لە شەڕی دژە تێرۆرزمدا، بەڵام هیچ شتێک نیـیە ئاماژە بۆ ئەوە بکات بە ئاگری دوژمن فڕۆکەکەیان کەوتبێت.

باسی لەوەش کرد لەگەڵ کەوتنی فڕۆکەکە دەسـتبەجێ هێزەکانی هاوپەیمانان گەیشتوونەتە شوێنی کەوتنی فڕۆکەکە و سەربازەکانیان گواستووەتەوە، لەوانە سێ سەربازیان بۆ نەخۆشخانە براون تاوەکو چارەسەریان بۆ بکرێت.

کۆلۆنێل شان ڕاین گوتەبێژی هاوپەیمانان لەسەر تویتەرەکەی سەرەخۆشی لە کەسوکاری سەربازە کوژراوەکە کرد و جەختی کردەوە فڕۆکە لە ئەنجانی ئاگری دوژمن نەکەوتووە.

XS
SM
MD
LG