Accessibility links

عێراق 13 کەس لەسەر تاوانی تێرۆرستی لەسێدارە دەدات و ڕێکخراوێکی جیهانی ڕەخنە دەگرێت


دەسەڵاتدارانی عێراق سزای لەسێدارەدانیان بەسەر 13 کەس جێبەجێکرد کە تاوانباربوون بە کاری تێرۆرستی، وە ڕێکخراوی چاودێری مافەکانی مرۆڤ ڕەخنە دەگرێت و بە تۆڵەسەندنەوەی ناودێردەکات.

وەزارەتی دادی عێراق ئەمڕۆ هەینی لە بەیاننامەیەکدا گوتی بەپـێی فەرمانی حەیدەر عەبادی سەرۆک وەزیر دوێنێ سزاکان بەسەر ئەو تاوانکارانە جێبەجێ کران.

وەزارەتەکە ئاماژەی بۆ ئەوەش کرد کەیسی ئەو تاوانکارانە ڕەتکراوە پـیاداچوونەوەیان پـیادابکرێت، وە سەرۆکایەتی کۆماریش سزاکانی پەسەندکردووە.

ئەمە دووەم جارە لە ماوەی ئەمساڵدا کۆمەڵێک کەس بە تاوانی تێرۆرستی لە عێراق لەسێدارەبدرێن. سەرەتای ئەمساڵیش 13 کەسی دیکە لە سێدارەدران، لەوانە 11 کەسیان کەیسەکانیان پەیوەست بوون بە تێرۆرزمەوە.

سزاکان لە بەندیخانەی ئەلحوت لە شاری ناسریـیەی باشوری عێراق جێبەجێکران.

جێی ئاماژەیە عەبادی ڕۆژی پـێنجشەممە فەرمانی کرد ئەم کۆمەڵە تاوانکارە لەسێدارەبدرێن، پاش ئەوەی داعش ژمارەیەک کەسی لەسەر ڕێگای نێوان هەردوو پارێزگای کەرکوک و سەڵاحەدین کوشت و ناڕەزایی جەماوەری لێکەوتەوە.

ئەم کاردانەوەی دەسەڵاتدارانی عێراق بووە جێی ناڕەزایی ڕێکخراوی چاودێری مافەکانی مرۆڤ Human Rights Watch و لە ڕاگەیاندنێکدا گوتی کوشتنکاریــیەکانی ئەم دوایـیانەی داعش قێزەوەنبوون، بەڵام کاردانەوەی عێراق بە لەسێدارەدانی کەسانی زیندانیکراو پـێدەچێت زیاتر کارێکی تۆڵەسەندنەوەبێت نەک جێبەجێکردنی یاسا و دادپەروەری.

XS
SM
MD
LG