Accessibility links

سەرچاوەیەکى ئەمنى: داعش دەیان هاوڵاتى سڤیلى لەسەر ڕێگای کەرکوک بەغدا کوشت و ڕفاند


شەوى یەکشەممە لەسەر دووشەممە داعش رێگەى نێوان کەرکوک_بەغداى بڕى و ژمارەیەک هاوڵاتى کوشت و ڕفاند، هەروەها لە چەند گوندێکى سنوورى شەرگاتى پارێزگاى سەڵاحەدینیش ژمارەیەک گوندنیشینى گولەبارانکرد.

سەرچاوەیەکى ئەمنى بەرپرس لە عوزێم کە داوایکرد ناوى بڵاونەکرێتەوە، بەدەنگى ئەمەریکاى راگەیاند"شەوى رابردوو داعش لە نزیک ناوچەى عوزێمى پارێزگاى سەڵاحەدین، رێگەى سەرەکى نێوان کەرکوک و بەغداى بڕیوە."

بەپێى وتەى سەرچاوەکە، داعش ئەفسەرێکى پۆلیس و دوو کەسى ترى کوشتووە کە لەگەڵ ئەفسەرەکە بوون، وتى"12 کەسى تریشى رفاندووە، کە زۆربەى ڕفێنراوەکان خزم و کەس و کارى یەکترین."

هەروەها هێزە عێراقیەکان تەرمى ژمارەیەک گوندنیشینیان لە سنورى قەزاى شەرگات ى پارێزگاى سەڵاحەدین دۆزیەوە، کەلەلایەن داعش بەدەست و چاو بەستراوى گولە بارانکرابوون.

حەسەن محەمەد ئەندامى ئەنجومەنى پارێزگاى سەڵاحەدین، بەدەنگى ئەمەریکاى راگەیاند"ئەنجامى هەڵبژاردن هێزە عێراقیەکانى بە ململانێى یەکتریەوە سەرقاڵ کردووە، بۆیە لایەنى ئەمنى لەلایەن حکومەتەوە تارادەیەک خەریکە پشتگوێ دەخرێ."

وتیشى"داعش سوودى لە لاوازى و بۆشایى ئەمنى وەرگرتووە و لە زۆربەى ناوچەکانى عێراق بەتایبەت کەرکوک و دیالە و سەڵاحەدین و ئەنبار کەوتۆتە جم و جۆڵ."

بەپێى ئامارە نافەرمیەکان، تەنها لەماوەى حەوت رۆژى ڕابردوودا دەیان هاوڵاتى سڤیل لەناوچەکانى کەرکوک و دیالە و سەڵاحەدین ڕفێنراون و بەشێکیان تائێستا چارەنوسیان نادیارە.

XS
SM
MD
LG