Accessibility links

داعش لە کەرکوک و دیالە لە هێرشەکانی بەردەوامە


شەوى رابردوو چەکدارانى داعش هێرشیانکردە سەر هێزەکانى حەشدى شەعبى لە گوندى قەرەتەپەى رۆژئاواى کەرکوک، لەو هێرشەدا دوو چەکدارى حەشد کوژران و چەند چەکدارێکى تریان برینداربوون، هەروەها لەباشورى کەرکوکیش کەسایەتیەکى کاکەیى و 5 شۆفێریان رفاند.

نازم کەهیە رێکخەرى پەیوەندیەکانى پێشمەرگەو حەشدى شەعبى لە کەرکوک، بە دەنگى ئەمەریکاى راگەیاند"ئێستا دۆخى دەوروبەرى کەرکوک وەکو پێش ساڵى 2014 ەیە، داعش خەڵک دەکوژێت و دەرفێنێت، چەکدارانى ئەو رێکخراوە جم و جۆڵیان زۆرە."

هەروەها شەوى رابردوو و دواى هێرشەکەى سەر حەشدى شەعبى لەرۆژئاواى کەرکوک، چەکدارانى داعش چوونەتە نێو گوندى زەنقەرى باشورى کەرکوک، کەسایەتیەکى دیارى عەشیرەتى کاکەییان بەناوى فەرهاد ئاغا و 5 شۆفێریان رفاندووە.

زاید مەحمود کەسى نزیکى کەسایەتیە کاکەییەکە، بەدەنگى ئەمەریکاى راگەیاند"ئەوانەى فەرهاد ئاغا و 5 شۆفێرەکەیان رفاندووە، گومان دەکرێت داعش بن، تائێستاش رفێنراوەکان چارەنوسیان نادیارە."

جم و جۆڵەکانى شەوى رابردووى داعش لە رۆژئاوا و باشورى کەرکوک، لە کاتێکدایە چەند شەوێک لەمەوبەر داعش هێرشێکى گەورەى کردۆتە سەر گوندى گەڵاباد ى ناحیەى جەبارەى دیالە، دواتر دانیشتوانى ئەو گوندە و دوو گوندى تر ناوچەکەیان جێهێشتووە.

please wait

No media source currently available

0:00 0:02:29 0:00

XS
SM
MD
LG