Accessibility links

دادگایەکی عێراق بڕیاری سزای لەسێدارەدانی بۆ چەکدارێکی بیانی داعش دەرکرد


دادگایەکی عێراق بڕیاری سزای مەرگی بۆ چەکدارێکی بیانی داعش دەرکرد کە لە موسڵ و تکریت و ڕومادی و کۆبانی شەڕی کردبوو و هەروەها بەرپـرسی مەشق و ڕاهێنانی منداڵانی چەکداری داعش بووە.

دادوەر عەبدولسەتار بەیرقدار ئەمڕۆ سێشەممە ڕایگەیاند دادگای ناوەندی بۆ تاوانەکان لە ناوچەی ڕسافەی بەغدا بڕیاری لە کەیسەکەی تاوانبار تارق جەدعون داوە ئەوەی بە ئەبو حەمزە ئەلبەلجیکی ناسراوە.

ئەم تاوانکارە کە هاوڵاتینامەی بەلجیکی هەیە، بە ڕەچەڵەک مەغریبـیە، لە ساڵی 2014 وە پەیوەندی بە داعشەوە کردبوو و لە سوریا و عێراق شەڕی بۆ کردوون و تەنانەت لە شەڕێکدا لە شاری ڕومادی بە گولـلە خومپارە برینداربووە. هەروەها بەرپـرسی مەشق و ڕاهێنانی ئەو منداڵ و نەوجەوانانە بووە کە داعش بۆ کوشتنکاری بەکاریانی دەهێنان.

ئاژانسی دەنگ‌وباسی فڕانس پـرێس دەڵێت دادگایی‌کردنەکەی ئەمڕۆ لە 10 خولەک زیاتر درێژەی نەخایاندووە و دادوەر بەپـێی بەندی چواری یاسای نەهێشتنی تێرۆرزم سزای لەسێدارەدانی بۆ دەرکرد بە تۆمەتی شەڕکردن بۆ داعش و هەروەها سزای زیندانی 3 ساڵ لەگەڵ پـێدانی 3 ملیۆن دینار کە دەکاتە نزیکەی 2500 دۆلار، ئەمەش بە تۆمەتی بەزاندنی سنووری عێراق. لە ئێستادا ماوەی 30 ڕۆژی هەیە تانە لەم بڕیارانەی دادگا بگرێت.

جێی ئاماژەیە تارق جەدعونی تەمەن 30 ساڵ لە دانیشتنی 10 ی مانگی پـێنج بە دادگای گوت " داوای لێبوردن دەکەم. نەمدەخواست بەم دۆخە بگەم. من بە ڕێگەیەکی هەڵدا ڕۆیشتم، داواتان لێدەکەم لێمخۆشبن."

XS
SM
MD
LG