Accessibility links

دانمارک بڕیاری کشانەوەی هێزە لەشکریـیەکەی لە عێراق دەدات


وڵاتی دانمارکی ئەندامی هاوپەیمانێتی نێودەوڵەتی بۆ شەڕی دژی داعش ڕایگەیاند هێزەکەی لە عێراق دەکشێنێتەوە پاش ئەوەی شکستهێنرا بە داعش لەو وڵاتەدا.

ئەندێرس سەیمولسن وەزیری دەرەوەی دانمارک ئەمڕۆ پـێنجشەممە لە ڕاگەیاندنێکدا گوتی" ئێستا گەیشتینە قۆناغێک کە دەتوانین دەستبکەین بە گەڕاندنەوەی هێزە تایبەتەکەمان لە عێراق. چیتر داعش ناوچەی گەورەی عێراق کۆنترۆڵ ناکات."

لە لایەکی دیکە کلاوس هیورت فرێدریکسن وەزیری بەرگری دانمارک گوتی هێزە چەکدارەکانی عێراق تواناکانیان گەیشتووەتە ئەو ئاستەی دەتوانن پشت بە خۆیان ببەستن. گوتیشی داعش وەدەرنراوە لە نزیکەی هەموو ناوچەکانی عێراق کە پـێشتر داگیری کردبوون.

جێی ئاماژەیە لە پاش ئەوەی پەرلەمانی دانمارک لە مانگی هەشتی ساڵی 2016 ڕەزامەندی دەربڕی بۆ ڕەوانەکردنی هەتا 60 سەربازی وڵاتەکەیان بۆ عێراق، دەیان سەربازی هێزی تایبەتی دانمارکی ڕەوانەی عێراق کران. ئەم هێزە تایبەتە ئەرکی مەشق ‌و ڕاهێنانی هێزە عێراقیـیەکانی لە ئەستۆگرتبوو و زانیاری هەواڵگری بۆ دابین دەکردن و لەگەڵیدا وەک ڕاوێژکار یارمەتی دەدان.

دانمارک جگە لەو سەربازانە، نزیکەی 180 کەسی دیکەی لە بنکەی ئاسمانی عەین ئەلئەسەدی پارێزگای ئەنبار هەیە کە لەوێ یارمەتی دەدەن لە بنیادنانەوەی عێراقدا.

XS
SM
MD
LG