Accessibility links

دادگایەکی عێراق دادگاییکردنی تاوانبارێکی داعشی بەلجیکی دوادەخات


دادوەری عێراق دادگایـیکردنی تاوانبارێکی داعشی دواخست کە هاوڵاتینامەی بەلجیکای هەیە، ئەمەش بەهۆی ئامادەنەبوونی نوێنەرێکی دیپـلۆماسی لە یەکەم دانیشتنی دادگادا لەسەر کەیسەکەی.

ئاژانسی دەنگ‌وباسی فڕانس پـرێس ڕایگەیاند دادگای ناوەندی بۆ تاوانەکان لە بەغدا ئەمڕۆ پـێنجشەممە دادگاییکردنی تارق جەدعون تەمەن 30 ساڵی دەسـتپـێکرد کە لە ساڵی 2014 وە بە ناوی ئەبو حەمزە ئەلبەلجیکی پەیوەندی بە داعشەوە کردبوو.

دادوەر دوو تۆمەتی ئاڕاستەی تارق جەدعون کرد، ئەویش ئەندامێتی لە نێو ڕێکخراوی داعش و بەشداریکردن لە چەند هێرشێکدا بەر لەوەی لە 23 ی مانگی هەشتی ساڵی 2017 لە ناوچەی مەیدانی شاری موسڵ دەسـتگیربکرێت، واتە پاش نزیکەی مانگێگ لەوەی هێزە عێراقیـیەکان شارەکەیان لە داعش ڕزگارکرد.

پەیامنێری فڕانس پـرێس دەڵێت جەدعون ڕیشە درێژەکەی تاشیبوو و بە دادگاکەی گوت ئەو چەکدار نەبووە و تەنیا بەرپـرسی تیمێکی پزیشکی داعش بووە و لە نەخۆشخانەی جەمهوری موسڵ و بێجی و مەکحول کاری کردبوو.

پاشان گوتویەتی " داوای لێبوردن دەکەم. نەمدەخواست بەم دۆخە بگەم. من بە ڕێگەیەکی هەڵدا ڕۆیشتم، داواتان لێدەکەم لێمخۆشبن."

بەڵام ڕاپـۆرتەکانی لە دادگا لەسەری هەن دەڵێن ناوبراو لە کۆبانی و تکریت و موسڵ و ڕومادی شەڕی کردووە و تەنانەت لە ڕومادی بە گولـلە خومپارەیەک برینداریش بووە.

هەروەها بەرپـرس بووە لە مەشق و ڕاهێنانی زیاتر لە 60 منداڵ و نەوجەوان لەوانەی بە ئەشبال ئەلخەلافە ناودێردەکران.

جەدعون کە بە ڕەچەڵەک مەغریبیـیە، دانی‌نا بەوەی لە مانگی شەشی ساڵی 2015 لە ڕێگەی تورکیاوە هاتووەتە عێراقەوە و پەیوەندی بە داعشەوە کردبوو.

ناوبراو بووە جێی مەترسی ئەوروپا پاش ئەوەی لە ڤیدیۆیەکی داعشدا داوای کردبوو لە فەڕەنسا هێرشی تێرۆرستی ئەنجام‌بدرێت.

جەدعون لەم بارەیەوە بە دادوەری گوت ئەوە قسەی خۆی نەبووە، بەڵکو سەرکردەیەکی داعش داوای لێکردبوو ئەو کارە بکات.

پاشان دادوەر پـرسیاری لێکردبوو "ئایا تۆ تاوانکاری یان بێ تاوانی؟" ، ئەویش لە وەڵامدا گوتی "بێ تاوانم". دواتر دادوەر بڕیاری دا دانیشتنی داهاتووی دادگاییکردنەکە بۆ 22 ی مانگی پـێنج دوابخرێت.

سەرچاوەیەک لە دادوەری عێراق بە ئاژانسی فڕانس پـرێسی گوتی بەهۆی نەبوونی نوێنەرایەتی دیپـلۆماسی دانیشتنەکە دواخرا.

جێی ئاماژەیە لە ساڵی 1990 وە بەلیجکا باڵیۆزخانەی خۆی لە عێراق داخستووە و کارەکانی لە ڕێگەی باڵیۆزخانەی ئوردنەوە جێبەجێ دەکات.

لە سەرەتای ئەمساڵەوە هەتا ئێستا دادگاکانی عێراق زیاتر لە 300 تێرۆرستی بیانیان حوکمداوە بە سزای لەسێدارەدان و زیندانی هەتاهەتایی.

XS
SM
MD
LG