Accessibility links

نازم کەهیە: داعش ویلایەتى کەرکوک و حەمرینى کاراکردۆتەوە


تادێت جم و جۆڵى داعش لەدەوروبەرى کەرکوک زیاد دەکات، بەرپرسانى پارێزگاکەش هۆکارى زیندوو بوونەوەى داعش بۆ نەبوونى هێزى پێویست و پشت نەبەستنى هێزە عێراقیەکان بەزانیارى هەواڵگیرى دەگێرنەوە.

نازم کەهیە سەرۆکى پارتى دیموکراتى سەربەخۆ و رێکخەرى پێشوى پەیوەندیەکانى نێوان پێشمەرگەو حەشد لەکەرکوک، بەدەنگى ئەمەریکاى راگەیاند"داعش ویلایەتى کەرکوک و حەمرین ى رێکخراوەکەى کارا کردۆتەوە."

وتیشى"پێشتر نزیکەى 4 هەزار چەکدارى داعش لە حەویجە بوون، لەو ژمارەیە 20 کەسیان لێ نەکوژراوە، کەواتە هەموو ئەو چەکدارانە لەناوچەکەدا ماونەتەوە."

لەماوەى دوو رۆژى رابردوودا لەناو شارى کەرکوک چەند تەقینەوەیەک روویانداوە، کەیەکێک لەتەقینەوەکان لەبەردەم بارەگاى گروپى عەسایب ئەهلولحەق ئەنجامدران، دانیشتوانى شارەکەش ترسیان لە خراپتربوونى دۆخى ئەمنى هەیە.

ئیدریس عادل بەرپرسى کۆمیتەى داقوق ى یەکێتى، ئاماژەى بەوەکرد پێشتر پێشمەرگە بەدرێژى 42کم سەنگەرى لەرۆژئاواى داقوق ى باشورى کەرکوک هەبووە و 7 لیوا پێشمەرگە ئەو ناوچەیەى پاراستووە، وتى"بەڵام ئێستا هەموو ئەو ناوچەیە چۆڵە و هیچ هێزێکى تێدا نیە، چەکدارانى داعش بەو ناوچەیەدا بەئارەزووى خۆیان هاتووچۆ دەکەن."

وتیشى"پێشمەرگە زانیارى هەواڵگیرى لەسەر ماڵ بەماڵ و گوند بەگوندى ناوچەکە هەبوو، بەڵام هێزە عێراقیەکان زانیاریان لەکەس نیە و داعش سودى لەمەش بینیووە."

لەماوەى چەند رۆژى رابردوودا دەنگۆى پەلاماردانى کەرکوک لەلایەن داعشەوە ترسێکى زۆرى لەنێو دانیشتوان دا بڵاوکردەوە، بەڵام بەرپرسانى شارەکە دڵنیایى دەدەن لەوەى کەداعش زۆر لەوە لاوازترە تواناى پەلاماردان و گرتنى کەرکوکى هەبێت.

please wait

No media source currently available

0:00 0:03:09 0:00

XS
SM
MD
LG