Accessibility links

حکومەتی عێراق ڕەتیدەکاتەوە ئاگاداری ڕێکەوتنی نێوان حزبوڵڵای لوبنان و داعش بووبێت


حکومەتی عێراق لە زاری گوتەبێژی سەرۆک وەزیرەوە ڕەتیکردەوە ئاگاداری ئەو ڕێکەوتنەی نێوان حزبوڵڵای لوبنان و داعش بووبێت بۆ گواستنەوەی چەکدارانی داعش لە ناوچە سنووریـیەکانی لوبنان لەگەڵ سوریا بەرەو نزیک سنوورەکانی عێراق لە سوریا.

سەعد ئەلحەدیسی ئەمڕۆ هەینی لە بەیانـنامەیەکدا گوتی " کەناڵی ئەلمەیادین و ئاژانسی دەنگ‌وباسی فارس هەواڵی درۆ و هەڵبەستراویان بڵاوکردووەتەوە، گوایە حکومەتی عێراق ئاگاداری ڕێکەوتنەکە بووە بۆ گواستنەوەی سەدان چەکداری داعش بۆ شاری بوکەمالی پاڵ سنووری عێراق."

گوتیشی " ئێمە لەم کاتەی ئەم هەواڵانە بە تەواوی بە درۆدەخەینەوە، جێی داخە ببینین پشـت بە زانیاری هەڵە و هەواڵی درۆ ببەسترێت لە بابەتێـکی وەها هەستیاردا کە پەیوەندی بە ئاسایشی نیشتمانی عێراقەوە هەیە."

پاشان گوتی جەخت لەوە دەکەنەوە حکومەتی عێراق ئاگاداری ئەو ڕێکەوتنە نەبووە و لەسەری ڕای وەرنەگیراوە و بە تەواوی لە دور ئەوەوە ئەنجام دراوە.

ڕۆژی سێشەممەش حەیدەر عەبادی سەرۆک وەزیری عێراق لە کۆنگرەی ڕۆژنامەوانی هەفتانەی ناڕەزایی خۆی بەرامبەر ئەو ڕێکەوتنە دەربڕی و گوتی ئەوە جێی قبوڵ نیـیە.

XS
SM
MD
LG