Accessibility links

لیوا به‌ختیار محه‌مه‌د راوێژکاری وه‌زاره‌تی پێشمه‌رگه‌ : حه‌ویجه ‌و ره‌شاد و ریاز له‌ موسڵ دابڕان

  • یه‌حیا به‌رزنجی

به‌شی خۆرهه‌ڵاتی موسڵ ته‌نها ناوچه‌ی راشدییه‌ و گوندێکی ماوه‌ به‌ ته‌واوه‌تی ئازاد بکرێت، به‌ڵام به‌لای ئه‌م به‌رپرسه‌وه‌، هێشتا روون نییه‌ که‌ به‌ر ده‌ستکردن به‌ پرۆسه‌ی رزگار کردنی خۆرئاوای شاره‌که‌ ، ئایا پرۆسه‌ی رزگار کردنی قه‌زای حه‌ویجه‌و ناحییه‌کانی ریاز و ره‌شاد که‌ 35 کیلۆمه‌ترێک له‌ که‌رکوکه‌وه‌ دووره‌، ده‌ست پێ بکات. لیوا به‌ختیار که‌ راوێژکاری وه‌زاره‌تی پێشمه‌رگه‌ی حکومه‌تی هه‌رێمی کوردستانه‌ له‌و باره‌یه‌وه‌ ده‌ڵێت "له‌ ئێستادا به‌ ته‌واوه‌تی رێگای نێوان حه‌ویجه‌و موسڵ له‌ رووی سه‌ربازییه‌وه‌ دابراوه‌، ‌‌‌هێزی پێشمه‌رگه‌ ئاماده‌یه‌، به‌ڵام ده‌بێت چاوه‌ڕوانی پلانی هاوبه‌شی حکومه‌تی هه‌رێم وحکومه‌تی عێڕاقی و هاوپه‌یمانان بکه‌ین."

ئه‌م به‌رپرسه‌ لای وایه‌ پرۆسه‌ی رزگار کردنی خوارووی خۆرئاوای که‌رکوک، بکه‌وێته‌ دوای ته‌واو رزگارکردنی شاری موسڵ، هه‌رچه‌نده‌ هێشتا به‌ته‌واوه‌تی یه‌کلا نه‌بووه‌ته‌وه‌، سه‌باره‌ت به‌ تواناو بارودۆخی سه‌ربازی داعش ده‌ڵێت "ئه‌وانه‌ گروپی تیرۆریستین له‌ ناو بردنیان باشترین رێگایه‌، به‌ڵام هێزێکی شکست خواردوون و توانای سه‌ربازیان لاواز بووه‌، به‌ڵام ده‌بێت به‌رده‌وام چاودێری بکرێن، له‌و ناوچانه‌ی ژێر ده‌سه‌ڵاتیان خه‌ڵک لێیان نارازییه‌و گرانییه‌کی بێ وێنه‌ که‌وتووه‌ته‌وه‌، هه‌روه‌ها له‌زاری ئه‌و که‌سانه‌ی هه‌ڵهاتوون، هیچ خزمه‌تگوزارییه‌ک له‌و ناوچانه‌ نه‌ماوه‌، ناوچه‌که‌ ئاماده‌یه‌ بۆ گۆڕانکاری هه‌ر ئه‌وه‌نده‌ی هێز روو بکاته‌ ئه‌و شوێنانه‌."

XS
SM
MD
LG