Accessibility links

وەزیرى کۆچ و کۆچبەرانى عێراق: یەک ملیۆن کەس لە ژێر دەسەڵاتى داعشدا ماونەتەوە و لە دۆخێکى خراپدان


وەزیرى کۆچ و کۆچبەرانى عێراق ، رایدەگەیەنێت نزیکەى یەک ملیۆن هاوڵاتى سڤیل لە ناوچەکانى نەینەوا و حەویجە لە ژێر دەسەڵاتى داعشدا ماونەتەوە و لە بارودۆخى مرۆیى سەختدان.

دکتۆر دەرباز محەمەد ، بە دەنگى ئەمەریکاى راگەیاند"ئەو هاوڵاتیانەى لە ژێر دەسەڵاتى داعشدان لەروى خۆراک و خزمەتگوزارى مرۆییەوە لەدۆخێکى ئێجگار خراپدان."

وتیشى"ئێمە وەکو حکومەتى عێراقى ناتوانین دەستى هاوکاریان پێبگەیەنین."

سەبارەت بە ژمارەى ئەو ئاوارانەى ژێر دەسەڵاتى داعشیان بەجێهێشتووە، وەزیرى کۆچ و کۆچبەران وتى"تائێستا 167 هەزار کەس ئاوارە بوون ، لە کاتێکدا ئێمە پێشبینى ئاوارەبوونى نیو ملیۆن کەسمان کردبوو."

بەپێى وتەى وەزیرى کچ و کۆچبەرانى عێراق، هەماهەنگى باشیان لەگەڵ رێکخراوە نێودەوڵەتیەکاندا هەیە بۆ هاوکارى کردنى ئاوارەکان، بەڵام رێکخراوەکان ناتوانن لە هەندێک ناوچەى تازە ئازاکراو بەهۆى ڕەوشى ئەمنیەوە وەکو پێویست هەماهەنگ بن.

دکتۆر دەرباز وتیشى"گەورەترین گرفتى ئاوارەکان لەئێستادا ساردى کەش و هەوایە."

بەشێک لەو ئاوارانەى ژێر دەسەڵاتى داعشیان بەجێهێشتووە و خۆیان گەیاندوەتە ناوچە ئارامەکان ، باس لەوەدەکەن بەشێکیان لە ڕێگە لەلایەن فڕۆکە عێراقیەکانەوە بۆردومانکراون و بەو هۆیەوە کوژراو و برینداریان زۆرە.

XS
SM
MD
LG