Accessibility links

نەتەوە یەکگرتووەکان داوادەکات بە پەلە بەهانای قوربانیانی دەستی داعش بچن


کۆمسیاری نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ مافەکانی مرۆڤ داوا دەکات بە پەلە ڕێوشوێنی پـێوست بگیرێنەبەر بۆ بەهاناچوونی قوربانیان و ڕزگاربووانی دەسـتی داعش لە عێراق.

زەید ڕەعەد ئەلحوسەین ئەمڕۆ هەینی لە بارەگای ئۆفیسی مافەکانی مرۆڤی سەر بە نەتەوە یەکگرتووەکان لە جنێڤ ئەمەی ڕاگەیاند و گوتی داعش تاوانی زۆر گەورەی ئەنجامداوە هەر لە دەسـتدرێژی سێکسی بۆ سەر کچان و ژنان هەتا دەگاتە ئەشکەنجەدان و کوشتنکاری و بە چەکدارکردنی منداڵان. گوتیشی دادپەروەری و ئاشتەوایی لەو وڵاتە پـێویستە.

ئەلحوسەین باسی لەو دیمەنە ئازاربەخشانە کرد کە چۆن منداڵان ناچار دەکرێن خەڵک بکوژن و چۆن ژنان بەسەر چەکدارانی داعش دابەشدەکرێن و چۆن خەڵکی لەسەر ئەوەی سیم کارتی مۆبایلیان پـێ گیراوە کوشتوویانن.

باسی لەوەش کرد داعش دەیان هەزار کەسی سیڤیلی بە زۆر ڕاگواستووە و وەکو قەڵغانی مرۆیی بەکاریهێناون. گوتیشی مەینەتیـیەکانی خەڵکی سیڤیلی موسڵ و ناوچەکانی دیکەی ژێر دەسـتی داعش لە عێراق شتێـکی سەرسوڕهێنەرە، بۆیە جێگەی قبوڵ نیـیە.

چەند نمونەیەکی باس کرد، لەوانە داعش ژمارەیەک لەو منداڵانەی پـێـیان دەڵێت نەوەکانی خەلافە، بڵاویکردووەنەتەوە لە گەڕەکەکانی موسڵی کۆن و هەریەکەیان هێلەکێـکی بۆمبڕێژکراوێـکی پـێوەکردوون. گوتی زۆر لە بارەی ئەم منداڵانەوە نیگەرانن.

داعش ڤیدیۆیەکی بڵاوکردووەتەوە تیایدا نیشانی دەدات چوار کوڕ کە تەمەنیان لە نێوان 10 بۆ 14 ساڵە چوار کەس گولـلەباران دەکەن بە تاوانی سیخوڕی بۆ هێزەکانی حکومەت و پـێشمەرگە.

لە 27 ی مانگی دە، داعش کچ و ژنی ڕفێندراوی بۆ شاری موسڵ و شارۆچکەی تەلەعفەر ڕەوانەکردووە و ژمارەیەکیانی بەسەر چەکدارەکانی دابەش کردوون و ژمارەیەکیشی بۆ یاوەری کاروانەکانی دایناون. ئاماژەی بۆ ئەوەش کرد کۆمەڵێـک لەو کچ و ژنانە ئێزیدین.

لە 7 ی ئەم مانگی یازدەیە، هێزەکانی ئاسایشی عێراق زیندانێـکیان لە ناوچەی شورەی موسڵ دۆزیوەتەوە کە لە ژێر زەوی بووە و 961 کەسی تێدا زیندانی بوون، هەر هەموویان سووننە بوون. ژمارەیەکیان لە ئەندامانی پـێشووی ئاسایش بوون یان ئەندامی پارتی ئیسلامی عێراق. گوتی زیندانکراوەکان ئاسەواری ئەشکەنجەدان و بێ خۆراکیـیان پـێوە دیاربووە. باسی لەوەکرد هەندێک قەفەسی زیندانی تیادابووە ڕووبەرەکەی مەترێـک بە نیو مەتر بووە.

XS
SM
MD
LG