Accessibility links

هێزەکانی عێراق ئۆپەراسیۆنی حەویجەیان دەستپـێکرد


هێزەکانی عێراق ئۆپەراسیۆنی ڕزگارکردنی ناوچەی حەویجەی ڕۆژئاوای پارێزگای کەرکوکیان دەسـتپـێکرد، ئەمەش پاش زیاتر لە سێ ساڵ لەوەی ئەو ناوچە لە ژێر دەستی داعشدایە.

حەیدەر عەبادی سەرۆک وەزیری عێراق بەرەبەیانی ئەمڕۆ پـێنجشەممە بە کاتی خۆجێی دەسـتپـێکردنی ئۆپەراسیۆنەکەی ڕاگەیاند وەک فەرماندەی گشتی هێزە چەکدارەکانی عێراق.

ئۆفیسی ڕاگەیاندنی عەبادی دەقی بەیانـنامەکەی بڵاوکردەوە و تیایدا نووسراوە" لەگەڵ دەسـتپـێکردنی ڕۆژێـکی نوێی عێراق، قۆناغی یەکەمی ئۆپەراسیۆنی ڕزگارکردنی حەویجە دەسـتیپـێکرد."

کۆلۆنێل ڕایان دیلۆن گوتەبێژی هێزەکانی هاوپەیمانان خۆشحاڵی خۆی بە دەسـتپـێکردنی ئۆپەراسیۆنەکە ڕاگەیاند و لەسەر تویتەری فەرمی خۆی نووسیویەتی" هێزە ئاسایشیـیەکانی عێراق ئۆپەراسیۆنی حەویجەیان دەسـتپـێکرد بۆ شکستهێنان بە داعش. ئێستا داعش لە دوایـین دوو ناوچەی ژێر دەستی لە عێراق ڕووبەڕووی هێزە ئاسایشیـیە قارەمانەکانی عێراقیـیەکان دەبێتەوە."

هێزەکانی عێراق لە سێ قۆڵەوە هێرشەکەیان دەسـتپـێکردووە و بەپـێی پەیامنێری ئاژانسی دەنگ‌وباسی فڕانس پـرێس هێزی تۆپخانە دەسـتیکردووە بە تۆپـبارانی شوێنەکانی داعش لەو ناوچانەی قەزای شەرگات کە هێشتا لە ژێر دەستی داعشدا ماونەتەوە.

لە لایەکی دیکە جەیسن کایەر بەڕێوەبەری کۆمیتەی بەهاناچوونی نێودەوڵەتی دەڵێت پـێشتر زیاتر لە 100 هەزار کەس لە حەویجە و دەوروبەری هەڵاتوون و لە ئێستادا 85 هەزار کەسی سیڤیل لەوێ ماونەتەوە کە نزیکەی 40 هەزاریان منداڵن.

جێی ئاماژەیە حەویجە نزیکەی 45 کیلۆمەتر لە باشوری ڕۆژئاوای شاری کەرکوکەوە دورە و زۆربەی دانیشتوانەکەی عەرەبی سووننەن.

XS
SM
MD
LG