Accessibility links

هاوپەیمانێتیـیەکی نزیک لە ئێران لە پەرلەمانی عێراق داوای بانگهێشتکردنی سەرۆک وەزیر دەکەن


ژمارەیەک لە دەزگاکانی ڕاگەیاندن لە عێراق و هەروەها سۆشیال میدیاکان، نووسراوێکی محەمەد ئەلغەببان سەرۆکی هاوپەیمانێتی ئەلفەتحی نزیک لە ئێرانیان بڵاوکردووەتەوە کە تیایدا داوا کراوە مستەفا کازمی بانگهێشتی پەرلەمان بکرێت.

نووسراوەکە لە 29 ی مانگی ڕابردووەوە ئامادەکراوە و ئەمڕۆ پـێنجشەممە لە میدیاکان بڵاوکراوەتەوە.

بەپـێی نووسراوەکە غەببان داوا دەکات کازمی بۆ پەرلەمان بانگهێشت‌بکرێت بۆ وتووێژکردن لەسەر پەتای کۆرۆنا، بەڵام هەندێک پـێـیان وایە ئەمە جۆرە فشارێکە بۆ سەرۆک وەزیری نوێ کە بەڵێنی داوە هیچ هێزێکی چەکدار لە دەرەوەی دەسەڵاتی حکومەتدا نەمێنێت.

لەگەڵ نووسراوەکەی غەببان 52 پەرلەمانتار پـشتیوانیان لە داواکە کردووە. هەموویان لە نێو هاوپەیمانێتی ئەلفەتحی بە ڕێبەرایەتی هادی ئەلعامری، سەرۆکی ڕێکخراوی بەدری نزیک لە ئێرانن.

جێی ئاماژەیە لە چەند ڕۆژی ڕابردوو گرژی کەوتە نێوان مستەفا کازمی و ملیشیاکانی گرێدراو بە ئێران پاش ئەوەی پـێنجشەممەی ڕابردوو 14 چەکداری کەتائیب حزبوڵڵا دەستگیرکران کە بە نیازبوون هێرشێکی ڕۆکێتی بکەنە سەر ناوچەی سەوز. بەڵام شەوی دووشەممە 13 لەو چەکدارانە ئازادکران.

XS
SM
MD
LG