Accessibility links

ڕاپـۆرتێک سەبارەت بە دەستگیرکردنی چەکدارانی گروپی کەتائیب حزبوڵڵا لە عێراق


فەرماندەیەتی ئۆپەراسیۆنە هاوبەشەکانی عێراق هوشداری دا لە بەرامبەر جموجۆڵی ملیشیاکانی گروپی ناسراو بە کەتائیب حزبوڵڵا، دەڵێت ڕەفتارەکانی شەوی ڕابردووی ئەو گروپە لە بەغدا جێی هەڕەشەن بۆ سەر ئاسایشی وڵاتەکە و هەروەها سیستەمە سیاسیـیەکەی.

شانەی ڕاگەیاندنێکی ئاسایشی عێراق (خلية الإعلام الأمني) ئەمڕۆ هەینی بەیاننامەکەی فەرماندەیەتی بڵاوکردەوە پاش ئەوەی شەوی پـێنجشەممە و بەرەبەیانی ئەمڕۆ هەینی چەکدارانی گروپی کەتائیب حزبوڵڵای سەر بە ئێران بە ئۆتۆمبیلی حکومیـیەوە بە جادەکانی بەغدا سووڕاونەتەوە و بە ئاڕاستەی بارەگاکانی حکومەت لە ناوچەی سەوز بەڕێکەوتبوون، ئەمەش دوای ئەوەی هێزەکانی دژە تێرۆری عێراق ژمارەیەک چەکداری ئەو گروپەیان دەستگیرکرد کە وەک کاربەدەستانی ئاسایشی عێراق دەڵێن هەوڵیان دابوو ڕۆکێت بگرنە ناوچەی سەوز.

فەرماندەیەتیـیەکە لە بەیاننامەکەیدا بەبێ ئەوەی ئاماژە بۆ ناوی گروپەکە بکات، دەڵێت زانیاری ورد گەیشتبوو بە دەزگا ئاسایشیـیەکانی عێراق سەبارەت بەو کەسانەی پـێشتر ناوچەی سەوز و فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتی بەغدایان کردبووە ئامانج کە بە نیازن ڕۆکێتی دیکە هەڵبدەن بۆ سەر شوێنی حکومی لە ناوچەی سەوزدا. بۆیە لەلایەن دادوەری عێراقەوە فەرمانی دەستگیرکردنیان درا بەپـێی یاسای نەهێشتنی تێرۆرزم. بۆ ئەو مەبەستەش دەزگای دژە تێرۆری عێراق ڕاسپـێردرا ئەو کەسانە دەستگیربکات و نەهێڵێت ئەو کارە تێرۆرستیـیە لە دژی شوێنەکانی حکومەت ئەنجام بدەن. هێزەکانی دژە تێرۆریش فەرمانەکەیان جێبەجێکرد و 14 تۆمەتباریان دەستگیرکرد لەگەڵ 2 سەکۆی هەڵدانی ڕۆکێت.

لە درێژەی بەیاننامەکەیدا دەشڵێت لیژنەیەکی لێکۆڵینەوەی تایبەت پـێکهێنراوە بە سەرۆکایەتی وەزارەتی ناوخۆ و ئەندامێتی دەزگا ئاسایشیـیەکان، وە لە ئێستادا تۆمەتبارەکان لەلای لایەنێکی ئاسایشی دەستگیرکراون.

لە پاش دەستگیرکردنی تۆمەتبارەکان، چەند لایەنێکی چەکدار بە ئۆتۆمبیلی حکومیـیەوە و بەبێ مۆڵەتی فەرمی بەرەو بارەگاکانی حکومەت لە ناوە و دەرەوەی ناوچەی سەوز ڕۆیشتوون وە نزیکبوونەتەوە لە یەکێک لە بارەگاکانی دەزگای دژە تێرۆر لە ناو ناوچەی سەوزدا.

هەروەها لە بەیاننامەکەدا نووسراوە، ئەو لایەنانە نایانەوێت ببنە بەشێک لە دەوڵەت و پابەندی بڕیارەکانی بن، بەڵکو دەیانەوێت لە دەرەوەی دەسەڵاتە دەستوری و یاسایـیەکانی فەرماندەی گشتی هێزە چەکدارەکاندا بمێننەوە.

لە کۆتاییدا فەرماندەیەتی ئۆپەراسیۆنە هاوبەشەکانی عێراق، جموجۆڵەکانی شەوی ڕابردووی چەکدارەکان بە هەڕەشە بۆ سەر ئاسایشی دەوڵەت و سیستەمە سیاسیـیە دیموکراسیـیەکەی ناودێردەکات. دەڵێت نابێت بە ناوی هیچ پاساوێک و بەهانەیەک ڕێگە بەو جۆرە ڕەفتارانە بدرێت.

شەوی پـێنجشەممە و بەرەبەیانی ڕۆژی هەینی چەکدارانی گروپی کەتائیب حزبوڵڵا بە ئۆتۆمبیلی حکومی و بە چەکی سووک و مامناوەندی بە جادەکانی بەغدا سووڕاونەتەوە و ئەمەش دڵەڕاوکێـی لای بەشێک لە خەڵکی شارەکە دروستکرد و لە ڕێگەی سۆشیال میدیاوە ڤیدیۆی ئەو چەکدارانەیان بڵاوکردەوە و پشتیوانی خۆیان بۆ هێزەکانی حکومەت دەربڕی و هەڵمەتێکیان لەسەر سۆشیال میدیا دەستپـێکرد بە هاشتاگی #مع_جهاز_المكافحة_ضد_الاحزاب ، واتە لەگەڵ دەزگای دژە تێرۆرداین لە دژی حزبەکان.

لە لایەکی دیکە بەرپـرسی ئاسایشی گروپی کەتائیب حزبوڵڵا لەسەر تویتەرەکەی هێرشی کردووەتە سەر مستەفا کازمی سەرۆک وەزیری عێراق، وە تۆمەتباری دەکات بە بەشداریکردن لە کوشتنی قاسم سولەیمانی فەرماندەی پـێشووی هێزی قودسی ئێران و ئەبو مەهدی ئەلموهەندس جێگری پـێشووی سەرۆکی حەشدی شەعبی.

گروپی کەتائیب حزبوڵڵا کە لەلایەن ئێرانەوە پشتیوانی دەکرێت، لە ساڵی 2003 وە پـێکهاتووە لە پاش ڕوخاندنی ڕژێمی سەدام حسێن. پـێشتر ئەبو مەهدی ئەلموهەندس سەرکردایەتی دەکرد.

بەپـێی کاربەدەستێکی حکومەتی عێراق کە لێدوانی بۆ ڕۆیتەرز داوە، یەکێک لەوانەی دەستگیرکراوە ئێرانیـیە.

هەتا ئامادەکردنی ئەم ڕاپـۆرتە ئێران بە فەرمی هیچ لێدوانێکی لەم بارەیەوە نەداوە.

XS
SM
MD
LG