Accessibility links

ڕاپـۆرتێک: سەرەڕای بڕیاری قەدەغەکردن هێشتا بەرهەمی کشتوکاڵی ئێرانی ڕەوانەی عێراق دەکرێن


سێ سەرچاوە لە حکومەت و دەزگا ئاسایشیـیەکانی عێراق گوتویانە بەرهەمی کشتوکاڵی و خۆراک و ئاژەڵ لە ئێران و سوریاوە بە قاچاغ دەهێنرێنە وڵاتەکەیانەوە، سەرەڕای فەرمانی توندی حکومەت بۆ ڕاگرتنی هاوردەی ئەو جۆرە کاڵایانە کە زیان بە بەرهەمی خۆماڵی دەگەیەنن.

سەرچاوەیەکی باڵا لە حکومەت بە کەناڵی ئەلحوڕەی گوتووە"بارهەڵگری پـڕ لە تەماتەی ئێرانی بەردەوامن لە هاتنە ناو عێراق لە ڕێگەی دەروازەکانەوە کە هەرچەندە بڕیاری هاوردەکردنی تەماتە قەدەغەکراوە بەهۆی دابینکردنی بڕی پـێویست بۆ وڵاتەکە لەلایەن بەرهەمهێنەرانی خۆماڵیـیەوە."

سەرچاوەکە گوتوشیەتی" لیژنەیەکی حکومی کە لە کەسانی سەربازی و سیڤیلی پـێکهاتووە، نزیکەی 500 بارهەڵگری پـڕ لە تەماتەیان ڕاگرتووە لە قەراغ شاری بەغدای پایتەخت کە لە دەروازەی سنووری پەروێزخانی هەرێمی کوردستانەوە هێنراونەتە ناو وڵاتەکەوە.

دەشڵێت خاڵەکانی پـشکنینی سەر ڕێگاکان لە بەرامبەر پـێدانی بەرتیل ڕێگە بەو بارهەڵگرانە دەدەن تێپەڕبن، بۆیە بەغدا هەموو بارەکانی لە کەلارەوە دێن بە قاچاغ دادەنێت.

بەپـێی ئاژانسی هەواڵی ئیرنای ئێران، نزیکەی 50% ی هەناردە نا سووتەمەنیـیەکانی ئێران بۆ عێراق لە ڕێگەی دەروازەی پەروێزخانەوە ڕەوانەدەکرێن.

سەرچاوە حکومیـیەکە دەڵێت بەغدا هیچ کۆنترۆڵێکی بەسەر دەروازەکانی هەرێمی کوردستان نیـیە وە پابەندی ڕێنمایـیەکانی حکومەت نابن و گومرگێکی کەم دەسەنن.

هەرچەندە دەروازەی مونزریـیەی پارێزگای واست لە بەغدا نزیکترە، بەڵام بازرگانەکان دەروازەی پەروێزخانیان پـێ باشترە بەهۆی ئەو ئاسانکاریـیە گەورانەی لەوێ بۆیان دەکرێت.

جگە لە ئێران، لە سوریاشەوە ژمارەیەکی بێ شوماری سەر مەڕ بە قاچاغ دەهێنرێنە عێراقەوە.

یەک لە سەرچاوەکان گوتویەتی وەزارەتی کشتوکاڵ قاچاغێکی ئاشکراکردووە کە لایەنی ئاسایشی دەست ڕۆیشتووی لە پشتەوە بووە. دەڵێت ئۆتۆمبیلی بارهەڵگر نزیکەی ملیۆنێک سەر مەڕیان هێناوە و وەرقەی فەرمیـیان بۆ کراوە گوایە لە شاری تەلەعفەرەوە هێنراون، ئەمەش جێی گومان بووە بەوەی تەلەعفەر ئەو ژمارە زۆرە سەر مەڕەی لە کوێ بووە، بۆیە لێکۆڵینەوە کراوە و سەرئەنجام دەرکەوتووە بە قاچاغ لە سوریاوە هێنراون و لایەنی ئاسایشی کارەکەی کردووە.

بەپـێی ئەلحوڕە سەرۆکایەتی ئەنجومەنی وەزیرانی عێراق ئامادە نەبووە ئەم زانیارییانە پشتڕاستبکاتەوە یان ڕەتیانبکاتەوە.

سەرچاوە / ئەلحوڕە

XS
SM
MD
LG