Accessibility links

وەزیری دەرەوەی عێراق خوازیارە ئەمەریکا و ئێران کێشەکانیان چارەسەربکەن


وەزیری دەرەوەی عێراق دەڵێت وڵاتەکەی خوازیارە ئەمەریکا و ئێران کێشەکانیان لە ڕێگەی دانوستاندنەوە چارەسەربکەن تاوەکو گرژیـیەکان لە ناوچەکە کەمببنەوە.

ئیبراهیم جەعفەری لە چاوپـێکەوتنێکیدا لەگەڵ کەناڵی ئەلحوڕە گوتی کێشەکانی نێوان ئەمەریکا و ئێران دەکرێت چارەسەربکرێن، بەڵام ئەوەش بە شێوەیەکی ئۆتۆماتیکی نایەتە دی، بەڵکو دەبێت کەسانێک لەو نێوەندەدا ڕۆڵی خۆیان ببینن.

جەعفەری ڕەتیکردەوە ئەو لە پەراوێزی کۆبوونەوەکانی لە نیویۆرک هیچ پەیامێکی لە بارەی ئێرانەوە بۆ ئەمەریکایـیەکان پـێبووبێت، بەڵام گوتی بە ڕێکەوت کەسایەتیـیەکی ئەمەریکایی بینیوە و پـێی گوتووە" ڕاست نیـیە ناوچەکە بەو ئاقارەدا ببرێت، وە هەڕەشە و گوڕەشە کێشەکان چارەسەر ناکەن، بەڵکو هێندەی دیکە قوڕەکە خەست دەکەنەوە."

گوتیشی لە ئێستادا تۆپەکە لە گۆڕپانی ئەمەریکادایە، بۆیە دەبێت پـیاداچوونەوە بە سیاسەتەکانی بکاتەوە و بە تایبەتی ئەوانەی لە بارەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستەوەن.

جەعفەری کە بۆخۆشی یەکێکە لە سیاسیـیە شیعەکانی عێراق، بە شێوەیەکی ناڕاستەوخۆ ڕتیکردەوە ئێران ڕۆڵی هەبێت لە ناسەقامگیر و ئاژاوە لە ناوچەکە، گوتی ئەوە تێڕوانینی نەیارانی ئێرانە، وە بۆ زانینی ڕاستیـیەکان گوێ لە ئێرانیش بگیرێت.

ئاماژەی بۆ هەڕەشەکانی کۆریای باکور کرد کە چۆن هەتا ساڵێک لەمەوبەر مەترسی هەڵگیرساندنی شەڕی لێدەکرا، بەڵام وا ئێستا لە دانوستاندندایە لەگەڵ ئەمەریکا.

پاشان ڕەتیکردەوە ئێران هێز و چەکی لە عێراقدا هەبێت و گوتی تەنیا ڕاوێژکاریان هەیە.

XS
SM
MD
LG