Accessibility links

گوتەبێژێکی وەزارەتی دەرەوەی عێراق وەڵامی بەرپـرسێکی ئێران دەداتەوە


گوتەبێژێکی وەزارەتی دەرەوەی عێراق دەڵێت وڵاتەکەی لە ژێر کۆنترۆڵی هیچ وڵاتێکی بیانیدا نیـیە، ئەمەش وەک وەڵامدانەوەیەک بۆ لێدوانی بەرپـرسێکی ئێرانی کە گوتبووی ئێستا وڵاتەکەی 6 وڵاتی ناوچەکە کۆنترۆڵ دەکات، لەوانە عێراق.

ئەحمەد مەحجوب ئەمڕۆ پـێنجشەممە بۆ ڕادیۆ سوای ڕاگەیاند" عێراق پـێزانینی بۆ یارمەتی هەموو وڵاتانی جیهان هەیە لە شەڕی دژی تێرۆردا، لەوانە ئێرانیش، بەڵام لە هەمان کاتدا هەرچ دەستێوەردانێک لە کاروباری ناوخۆی ڕەتدەکاتەوە کە لە لایەن هەرچ وڵاتێکەوە بکرێت."

گوتیشی عێراق لەگەڵ هەموو وڵاتانی ناوچەکە پەیوەندی سیاسی و ئابوری هەیە کە لەسەر بنەمای ڕێزگرتنی بەرامبەرە.

جەختی لەوەش کردەوە عێراق وابەستەیە بە سیاسەتی نەچوون بە ئاڕاستەی هیچ جەمسەرێک لە دژی جەمسەرێکی دیکە لە ناوچەکەدا.

جێی ئاماژەیە لە چەند ڕۆژی ڕابردوو ڕەحیم‌پـور ئەزغەدی ئەندامی ئەنجومەنی باڵای شۆڕشی فەرهەنگی ئێران لە لێدوانێکیدا بۆ کەناڵی تەلەفیزیۆنی ئوفقی وڵاتەکەی گوتبووی" پـێنج بۆ شەش وڵاتی ناوچەکە لە ژێر کۆنترۆڵی ئەمەریکا دەرچووە و هاتوونەتە نێو بەرەی ئێرانەوە." گوتوشیەتی ئەو وڵاتانە بریتین لە عێراق و سوریا و یەمەن و لوبنان و کەرتی غەززە و ئەفغانستان.

ئەم بەرپـرسە ئێرانیە هەروەها گوتویەتی" جەماعەتەکەی ئێمە سەدام حسێنیان لەسێدارە دا"، ئەمەش مەبەستی ئەو گروپە شیعەیانەیە کە لە عێراقدا پەیوەندیـیان بە ئێرانەوە هەیە.

XS
SM
MD
LG