Accessibility links

عێراق داوای وتووێژی ڕاستەوخۆ لە نێوان ئەمەریکا و ئێران دەکات


وەزیری دەرەوەی عێراق لە میانەی سەردانێکیدا بۆ تاران ڕۆژی پێنجشەممە گوتی کاتی ئەوە هاتووە کۆماری ئیسلامی و ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا وتووێژی ڕاستەوخۆ بکەن لەسەر بەرنامەی ناوکی ئێران.

پەیوەندییەکانی ئەمەریکا و ئێران لە مانگی چواری ساڵی 1980وە، تەنها چەند مانگێک دوای ڕووخانی شای ئێران و داگیرکردنی باڵیۆزخانەی ئەمەریکا لەلایەن خوێندکارە ئیسلامییەکانی سەر بە ئایەتوڵا ڕوحوڵا خومەینی، تێکچوو.

ئەم پەیوەندییانە بە شێوەیەکی بەرچاو لە ساڵی 2018دا خراپتر بوو کاتێک سەرۆکی پێشووی ئەمەریکا دانۆڵد ترامپ ئەمەریکای تاکلایەنە لە ڕێککەوتنە ناوکییەکەی زلهێزانی جیهان لەگەڵ تاران کشاندەوە و سزاکانی سەپاندەوە بەسەر ئێراندا.

دانوستانەکان لە مانگی یازدە دوای ماوەی پێنج مانگ دەستی پێکردەوە لە هەوڵێکدا بۆ زیندوکردنەوەی ڕێککەوتنە ناوکییەکەی ، کە سزاکانی سەر ئێران سوک دەکات لەبەرامبەر دەستبەرداربوونی لە چالاکییە ناوکییەکانی.

دیپلۆماتکارانی لایەنەکانی تری ڕێککەوتنەکە کە بریتین لە بەریتانیا، چین، فەرەنسا، ئەڵمانیا و ڕوسیا،لە ڤیەننا لەگەڵ ئێران و ئەمەریکا لە گفتوگۆدان، لە کاتێکدا هەردوو لایەنی ئەمەریکا و ئێران وتووێژی ڕاستەوخۆیان ڕەتکردووەتەوە.

فوئاد حسێن وەزیری دەرەوەی عێراق لە کۆنفرانسێکی هاوبەشی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند " ئێمە داوای وتووێژی ڕاستەوخۆی نێوان هەردوولا دەکەین و ئەمە شاراوە نییە."

فوئاد حسێن گوتیشی" بەرژەوەندی عێراق لەوەدایە هاوکاری هەردوولا بکات لە سەر مێزی دانوستان کۆببنەوەو وتووێژ بکەن." گوتیشی "ئێمە ئەم پێشنیازەمان بۆ ئەمەریکاییەکانیش کردووە و بەر لەم سەردانەشمان (بۆ ئێران) ئەم پێشنیازەمان تارانیش کردووە."

گوتیشی " باشتر وایە وتووێژەی ڕاستەوخۆی لە نێوان ئەمەریکا و ئێران ئەنجان بدرێت."

ئەو گوتیشی عێراق هەستی بەوە کردبوو کە کێشەیەک هەیە لە میکانیزمی تووێژەکانی ڤییەنادا " وتووێژەکان لەگەڵ لایەنی ئەمەریکاییدا ڕاستەوخۆنین و بەڕێگای شاندی ئەوروپاییەکان ئەنجام دەدرێت."

وەزیری دەرەوەی عێراق گوتیشی عێراق کاردەکات بۆ بەدیهێنانی وتووێژی ڕاستەوخۆ لە نێوان هەردوولادا و گوتی " پێمان وایە کاتی ئەوە هاتووە وتووێژی ڕاستەوخۆ لە نێوان واشنتن و تاران بکرێت بۆ بەدیهێنانی لێکتێگەیشتنی هاوبەش نەک تەنها بۆ بابەتی ناوکی بەڵکو لەسەر سزاکانیش."

جەختیشی کردەوە لەوەی "پەیوەندییەکانی ئەمەریکا و ئێران بابەتێکی دەرەکی نییە بۆ عێراق بەڵکو پەیوەندی ناوخۆییە".

وەزیری درەوەی عێراق گوتیشی گرژییەکانی نێوان ئەو دوو نەیارە لەمێژینەیە کاریگەری ڕاستەوخۆی هەیە بۆسەر بارودۆخی سیاسی و ئاسایشی لە عێراق ڕێککەوتنی نێوان هەردوولا کارگەری ئەرێنی دەبێت.

وەزیری دەرەوەی ئێران حسێن ئەمیر عەبدوڵاهیان شێوازی پەیوەندییەکانی ئێستای خستە ڕوو " سەبارەت بە کۆماری ئیسلامیش ڕایدەگەیەنین کە دەمانەوێت بگەینە ڕێککەوتنێکی باش و هیوادارین لایەنەکانی دیکەش بەهەمان شێوە ڕژدبن و بە هەمان نیازپاکییەوە بێن و دانوستان بکەن."

بڕیارە وتووێژەکانی ڤییەنا ڕۆژی دووشەممە پاش 10 ڕۆژ دەستپێبکاتەوە. ڕۆژی پێنجشەممە، ئینریکێ مۆرا، دیپلۆماتکاری یەکێتی ئەوروپا، کە سەرۆکایەتی دانوستانەکان دەکات، وتی هیوادارە پێشوەچوونی خێرا بەدیبکات.

سەرچاوە: فرانس پرێس






XS
SM
MD
LG