Accessibility links

عێراق: بڕیاری ئەمەریکا سەبارەت بە سوپای پاسدارانی ئێران لەوانەیە دەرەنجامی نەرێنی لێبکەوێتەوە


سەرۆک وەزیری عێڕاق عادل عەبدولمەهدی
سەرۆک وەزیری عێڕاق عادل عەبدولمەهدی

سەرۆک وەزیری عێراق عادل عەبدولمەهدی وتی بڕیارەکەی واشنتن سەبارەت بە ناساندنی سوپای پاسدارانی ئێران وەکو ڕێکخراوێکی تیرۆریستی لەوانەیە دەرەنجامی نەرێنی لێبکەوێتەوە بۆ سەر عێراق و ناوچەکە.

عەبدولمەهدی لەمیانەی کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا وتی عێراق هەوڵیداوە ڕێگە لەم بڕیارە بگرێت. وتیشی عێراق هەموو تواناکانی دەخاتە گەڕ بۆ دەستەبەرکردنی ئارامی لە ناوچەکەدا بە لەبەرچاوگرتنی پاراستنی پەیوەندییە باشەکانی لەگەڵ هەریەک لە تاران و واشنتندا.

جێی ئاماژەیە سەرۆکی ئەمەریکا دانۆڵد ترامپ سوپای پاسدارانی ئێرانی وەکو ڕێکخراوێکی تیرۆریستی بیانی ناساند و ئەم بڕیارەی ئەمەریکا کاردانەوەیەکی زۆری لێکەوتەوە لە نێو ڕابەرانی ئێراندا.

لەلای خۆیەوە ڕابەری باڵای ئێران ئایەتوڵا عەلی خامنەئی وتی ئەمەریکا هەنگاوێکی زۆر خراپی ناوە بە ناساندنی سوپای پاسداران وەکو ڕێکخراوێکی تیرۆریستی بیانی، هەروەها بەڵێنی بە تاراندا کە ڕێوشوێن دژی هێزەکانی ئەمەریکا بگرێتەبەر لە ناوچەکەدا.

هەروەها سەرۆکی ئێران حەسەن ڕۆحانی لە ماوەی ڕابردوودا بەرگری لە سوپای پاسداران کرد و وتی ئەو سوپایە پارێزەری ئێرانە و هەمیشە قوربانیداوە بۆ گەل و شۆڕشەکەمان.

سەرچاوە/ ڕۆیتەرز

XS
SM
MD
LG