عێراق بانگهێشتی ئێران و ڕکابەرەکانی لە وڵاتانی کەنداوی عەرەبی کردووە ئامادەی کۆبوونەوەیەک بن لە بەغداد، ئامانج لە کۆبوونەوەکە کەمکردنەوەی گرژییەکانی نێوان ئێران و سعودیەیە.
بەرپرسان دەڵێن لە کۆبوونەوەکەدا باس لە شەڕی یەمەن و ڕووخانی لوبنان و قەیرانی کەمبوونەوەی ئاو دەکرێت لەسەر ئاستی ناوچەکە، هەروەها پێدەچێت ببێتە هۆی نزیککردنەوەی سعودیە و ئێران لە یەکتر سەرەڕای ئەوەی ئەو دوو وڵاتە هێشتا ڕایاننەگەیاندووە لەسەر چ ئاستێک بەشداری کۆبوونەوەکە دەکەن.
جێی ئاماژەیە سعودیە و ئێران پشتیوانی لە لایەنە جیاوازەکانی شەڕی یەمەن دەکەن و لە ساڵی 2016 دا پەیوەندییەکانی نێوانیان بڕی، بەڵام لە مانگی چواری ڕابردوودا دانوستانی ڕاستەوخۆیان لە عێراق ئەنجامدا.
بەرپرسانی عێراق هیوادارن سەرۆکی نوێی ئێران ئیبراهیم ڕەئیسی بەشداری کۆبوونەوەکە بکات، هەروەها پێشبینی ئەوە دەکەن وەزیرانی وڵاتانی کەنداو بەشداری کۆبوونەوەکە بکەن، لەوانەش سعودیە و ئیماڕات.
بەرپرسێکی نزیک لە سەرۆک وەزیری عێراق مستەفا کازمیەوە وتی " تەنانەت ئەگەر هەر ئەوەندە وەزیرانی دەرەوەمان لەسەر یەک مێز کۆکردەوە ئەوا دەکرێت ئەوە بە هێورکردنەوەی گرژییەکانی نێوان ئێرانیەکان و عەرەبەکانی کەنداو دابندرێت."
بەرپرسێکی نزیک لە کازمیەوە کە لە ماوەی ڕابردوودا لەم ساڵدا کۆبوونەوەی تایبەتی لەنێوان بەرپرسانی ئێران و سعودیەدا ڕێکخستووە وتی " ئاماژەی ئەرێنیان " لە ئێران و وڵاتانی کەنداوەوە پێگەیشتووە کە پێدەچێت ئامادە بن بۆ دانوستانی ڕاستەوخۆی زیاتر.
یەکێک لە سەرچاوەکانی ئێران کە بەرپرسێکی باڵای ئەو وڵاتەیە وتی " هەمیشە پێشوازیمان لە باشکردنی پەیوەندییەکانی نێوان وڵاتانی ناوچەکە کردووە لەوانەش سعودیە، ئەوەش ئەرکی سەرەکی سیاسەتی دەرەوەی سەرۆک ڕەئیسییە، گومانم هەیە ئەوە هەفتەی داهاتوو لە عێڕاق ڕووبدات."
سەرچاوە/ ڕۆیتەرز