Accessibility links

وەزیری نەوتی ئێران سەردانی عێراق دەکات


وەزیری نەوتی ئێران سەردانی عێراقی کرد لەم کاتەی فشارە ئابوریـیەکانی ئەمەریکا بۆ سەر وڵاتەکەی توندتر دەبن.

بێژەن زەنگەنە ئەمڕۆ پـێنجشەممە لە بەغدا لەگەڵ ثامر ئەلغەضبان هاوتا عێراقیـیەکەی کۆبووەوە و پـێکەوە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانی هاوبەشیان بەست.

غەضبان گوتی هێشتا نەگەیشتوون بەو قۆناغەی کۆکبن لە بواری وەبەرهەمهێنانی هاوبەش لە بیرە نەوتیـیەکاندا، بەڵام گوتیشی ڕێکەوتوون لەسەر تاووتوێکردنی مەسەلەی دوو بیری بچوک.

زەنگەنەش لای خۆیەوە گوتی ئێران دەتوانێت گازی سروشتی زیاتر بۆ عێراق ڕەوانەبکات. ئاماژەی بۆ ئەوەش کرد وڵاتەکەی ئامادە نیـیە پابەندی سزاکانی ئەمەریکا ببێت.

ئەم سەردانەی وەزیری نەوتی ئێران پاش ڕۆژێک دێت لەوەی مایک پەمپـێیۆ وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا سەردانی عێراقی کرد و لە میانەیدا جەختی کردەوە سەر گرنگی سەربەخۆیی عێراق لە بواری وزە.

مانگی دوازدە ئەمەریکا مۆڵەتی بە عێراق دا بۆ ماوەی 90 ڕۆژ وزەی کارەبا لە ئێران بکڕێت و لە سزاکانی سەر ئێران لێی خۆشبێت.

XS
SM
MD
LG