نوری ئەلمالیکی سەرۆک وەزیری پـێشووی عێراق دەڵێت ئەگەر بسەلمێنرێت ئیسرائیل لە پشت هێرشی سەر کۆگاکانی چەک و تەقەمەنی حەشدی شەعبی بووە، ئەوا وڵاتەکەی بە یارمەتی ئێران وەڵامداتەوە.
مالیکی لە لێدوانێکی تایبەت بۆ ماڵپەڕی "المربد" ی عێراقی گوتویەتی"عێراق ڕێوشوێنی بەرگری دەگرێتەبەر و بە توندی بە یارمەتی ئێران وەڵامداتەوە. گوتوشیەتی ئیران ڕووبەڕووی هێرشە ئاسمانیـیەکانی ئیسرائیل بۆ سەر بارەگاکانی حەشد دەبێتەوە، چونکە ئەو هێرشانە هەوڵێکن بۆ لاوازکردنی حەشد و لەشکر لە عێراق، وە بە سەرەتایەک دادەنرێت بۆ بە ئامانجکردنی ئێران.
بەپـێی کەناڵی ئەلحوڕە ئۆفیسەکەشی لێدوانێکی بڵاوکردووەتەوە و تیایدا گوتویەتی ئەگەر ئیسرائیل بەردەوامبێت لە بە ئامانجکردنی وڵاتەکەی، ئەوا عێراق دەیکاتە گۆڕەپانێکی شەڕ و چەندان وڵاتی دیکە دێنە ناو ئەو شەڕەوە بە ئێرانیشەوە.
پـێشتر مالیکی لە 15 ی مانگی هەشت لە ڕێگەی تویتەرەکەیەوە لە بارەی تەقینەوەکانی نێو کۆگاکانی حەشدی شەعبی نووسیبوی و باسی ئیسرائیلی تیایدا کردبوو، بەڵام ناوی ئێرانی نەبردبوو.
نوری مالیکی کە بۆ ماوەی هەشت ساڵ سەرۆک وەزیری عێراق بوو، لە ئێستادا سەرۆکی لیستی هاوبەندی دەوڵەتی یاسایە لە پەرلەماندا.