Accessibility links

ڕاپـۆرتی وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریکا لەسەر ڕەوشی مافەکانی مرۆڤ لە عێراق - بەشی دووەم


وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریکا ڕۆژی چوارشەممە ڕاپـۆرتی ساڵانەی خۆی سەبارەت بە ڕەوشی مافەکانی مرۆڤ لە وڵاتانی جیهاندا بڵاوکردەوە.

بەشی عێراقی ڕاپـۆرتەکە لە 69 لاپەڕە پـێکهاتووە و تیایدا باسی ڕەوشی خەڵکی عێراق دەکات لە ماوەی سـاڵی 2015 هەر لە پارێزگای بەسرەوە هەتا پارێزگای دهۆک.

بەشی دووەم:

هەرچەندە دەسـتور بە ڕوونی هەموو جۆرە ئەشکەنجەدانێـک لە هەموو حاڵەتێـکدا قەدەغە دەکات، بەڵام کاربەدەسـتانی حکومەت و ڕێکخراوەکانی خۆجێی و نێودەوڵەتی مافەکانی مرۆڤ بە بەڵگەوە دەڵێن دەزگاکانی حکومەت ئازار و ئەشکەنجەی دەسـتگیرکراوانیان داوە.

پـۆلیس لە سەرانسەری وڵاتەکە بەردەوام بوون لەوەی بە زۆر و شێوەی خراپ ئیعتراف وەربگرن، ئەمەش وەکو بەشێک لە لێکۆڵینەوە. دادگاکانیش بەردەوام بوون لەوەی ئەو ئیعترافە بە زۆرانە وەکو بەڵگە پەسەندبکەن. ڕاپۆرتەکە ئاماژە بۆ ئەوەش دەکات داعشیش ئەم جۆرە پـێشـێلکاریـیانەی هەر زۆر کردووە.

سەبارەت بە ئەشکەنجەی نێو زیندانەکانی حکومەت، ڕاپـۆرتەکە نمونەیەک باس دەکات، دەڵێت لە 28 ی مانگی چوار سەنتەری بەغدا بۆ مافەکانی مرۆڤ لە بەیانـنامەیەکدا باسی لە ئەشکەنجەدانی 9 زیندانیکراوی نێو بەندیخانەی ڕسافەی کردووە کە چۆن بە کێبڵ و سۆندە و قۆناغی کلاشینکۆڤ لە سەر و دەموچاو و سک و دەست و قاچیان دراوە.

پاشان باسی هەرێمی کوردسـتان دەکات و دەڵێت یاسای دژە تێرۆری هەرێم ڕێگە بە لێکۆڵینەوەی توند دەدات بۆ چەند حاڵەتێـک، وە ڕاپۆرت هەن باس لەوە دەکەن لە هەندێک لە زیندانەکانی ئاسایشی ناوخۆی هەرێم و دەزگای پاراستنی پارتی دیموکراتی کوردسـتان و دەزگای زانیاری یەکێتی نیشـتیمانی کوردستان لێکۆڵینەوە بەم جۆرە کراون.

سەبارەت بە داعش، ڕاپـۆرتەکە دەڵێت بەپـێی میدیا نێودەوڵەتیـیەکان و ڕێـکخراوە ناحکومیـیەکان داعش لە مانگی دوازدەی ساڵی 2014 لە قەرەقوشی پارێزگای نەینەوا 2 کڵێسای وێرانکردووە و پاشان ئەوانەی دەسـتگیرکردبون بە شێوەیەکی دڕندانە مامەڵەی لەگەڵدا کردوون هەتا کردوونی بە موسڵمان.

ڕاپۆرتەکە لە بەشێـکی دیکەی باس لە ڕەوشی زیندانەکان دەکات، دەڵێت ڕەوشی نێو هەندێک لە زیندان و شوێنەکانی دەسـتگیرکردن هەر بە خراپی ماونەتەوە، خۆراک تیاندا کەمە، قەرەباڵغن، خزمەتی تەندروسـتی تیایاندا کەمە و تەنانەت لە هەندێـکیشیان ئەشکەنجە و ئازاردان هەن.

سەرۆکی کۆمیتەی مافەکانی مرۆڤی حکومەتی هەرێمی کوردسـتان و چاودێرانی نێودەوڵەتی دەڵێن حکومەتی ناوەندی و حکومەتی هەرێم لەو ساڵدا شوێنی دەسـتگیرکردنی نهێنی خۆیان هەبووە، بەڵام هیچ زانیاریـیەک بەردەست نەکەوتووە هەتا پشـتڕاستی بکاتەوە شوێنی وەها هەن یان نا و ئایا هێشـتا ئەو شوێنانە بەکاردێن یان نا.

لە 27 ی مانگی هەشت جێکری بەشی پەیوەندیـیەکانی دەرەوەی حکومەتی هەرێمی کوردسـتان نکوڵی کرد شوێنی نهێنی لە کوردسـتانی عێراقدا هەبن و دووپاتی کردەوە ئەشکەنجەدانی زیندانیان قەدەغەیە.

ڕاپۆرتەکە هەروەها نووسیویەتی لە هەندێـک لە زیندانەکانی ئاسایش و پـۆلیسی هەرێمی کوردسـتان کەسانی نەوجەوان خراونەتە هەمان ژوری زیندانیانی کەسانی گەورە.

سەبارەت بە زیندانەکانی ژنان لە وڵاتەکەدا، دەڵێت لە زۆریاندا شوێنی گرنگیدان بە منداڵان نیـیە کە بەپـێی یاسا هەموو ژنێـکی زیندانیکراو، ئەوەی منداڵی ساوای هەبێت دەتوانێت لەگەڵیدا بێت هەتا تەمەنی منداڵەکە دەگاتە چوار ساڵ.

لە بارەی قەرەباڵغی نێو زیندانەکان، زیندانی سەرەکی پارێزگای موسەنا بە نمونە دەهێنێتەوە و دەڵێت بەپێی کاربەدەسـتانی خۆجێی زیندانەکە خۆی بۆ 220 زیندانیکراو کراوە، بەڵام 450 کەسی لێ زیندانیکراوە.

سەبارەت بە چاودێریکردنی ڕێکخراوە جیهانیـیەکان بۆ زیندانەکانی عێراق، ڕاپـۆرتەکە دەڵێت هەرچەندە ڕێگە دراوە ئەو ڕێکخراوانە سەردانی زیندانەکان بکەن، بەڵام ڕاپـۆرتیش هەن باس لە دەسـتێوەردانی دەزگاکان دەکەن لەو جۆرە سەردانانە و لە هەندێک حاڵەت داوایانکردووە پـێشتر کاربەدەسـتانی زیندانەکان لە سەردانەکان ئاگاداربکرێنەوە.

ڕێکخراوی نێودەوڵەتی خاچی سوور 156 سەردانی کردووە بۆ 71 زیندان کە لە لایەن وەزارەتەکانی داد و ناوخۆ و بەرگری بەڕێوەدەبرێن. لە میانەی ئەم سەردانانە لە ڕەوشی 37 هەزار زیندانی زانیاریـیان دەسـتکەوتووە.

سەبارەت بە هەرێمی کوردسـتان، ڕاپـۆرتەکە دەڵێت بە گشتی حکومەتی هەرێمی کوردسـتان ڕێگەی داوە بە ڕێکخراوە ناحکومیـیەکانی مافی مرۆڤ و هەروەها ڕێکخراوە حکومیـیەکانیش لەوەی سەردانی تۆمەتباران بکەن بەر لەوەی دادگایی بکرێن، بەڵام لە هەندێـک حاڵەت ڕێگەیان نەداوە و بە تایبەتی ئەوانەی پەیوەندیـیان بە تێرۆرزمەوە هەیە.

XS
SM
MD
LG