Accessibility links

کاندیدێکی حەویجە: دەمەوێت ستەم لەسەر حەویجەییەکان هەڵبگرم کە وەکو داعش لێیان دەڕوانرێت


تەحریر عوبەیدی

کاندیدێکی عەرەبی سونە لە قەزای حەویجەی ڕۆژئاوای کەرکوک ڕایدەگەیەنێت، گەر دەنگی پێویست بۆ پەرلەمانی عێراق بەدەست بهێنێت، هەوڵی لابردنی ستەم لەسەر حەویجەییەکان دەدات کە بە چاوی داعشیەوە لێیاندەڕوانرێت، جەخت لەسەر ئەوەشدەکاتەوە، داعش بە ترس و تۆقاندن مامەڵەی لەگەڵ هاوشاریەکانی کردووە و ناوچەکەی وێرانکردوون.

لەم گفتووگۆیەدا لەگەڵ دەنگی ئەمەریکا، تەحریر عوبەیدی کە وەکو کاندیدێکی بەهێزی حەویجە لێیدەڕوانرێت بەوەی چانسی گەیشتنە پەرلەمانی هەبێت، دەڵێت"یەکەم کارم، هەڵگرتنی ستەمە لەسەر حەویجەییەکان بەوەی هاوسۆزی داعش بوون، ئەم بۆچوونە بەهیچ جۆرێک ڕاست نیە، ژمارەیەکی کەمیان لەگەڵ داعش بوون، داعش لەلایەن بیانیەکانەوە هێنران و پەیوەندیان بەشوێن و ناوچەوە نەبوو، داعش فیکرێکی جیهانیە، ناکرێت ناوچەیەکی دیاریکراوی پێ تاوانبار بکرێت."

عوبەیدی، هێزە ئەمنیەکانیشی تۆمەتبارکرد بەوەی حەویجەییەکانی جێهێشتووە و و ڕادەستی داعشی کردوون، وتی"حەویجەییەکان قسەیانکردبا، داعش سەری دەبڕین، بەسیاسەتی تۆقاندن مامەڵەیان لەگەڵ دەکردن، هاوکاریش بوون بۆ هەڵگرتنی زوڵم لەسەریان، بۆیە تۆمەتبارکردنیان بە پاڵپشتیکردنی داعش، ڕاست نیە و هەڵەیە، ژمارەیەکی زۆر کەمیان لەگەڵ داعش بوون."

ناوبراو وتیشی"کاتێک ڕزگاریان بوو لەداعش، حەویجەییەکان تینووی گۆڕانکاری بوون، بیریان کراوە و تێکەڵی کۆمەڵگا بوون، ئەوان زەرەرمەندبوون لە داعش، ژیان و ماڵ و منداڵیان زەرەریان بەرکەوت، ئێستا دەیانەوێت ڕێکخراوە نێودەوڵەتیەکان بچن بەهانایانەوە و گۆڕانکاری لە ژیانیان ڕووبدات، دەیانەوێت قەرەبووی ئەو ساڵانە بکرێتەوە کە بەهۆی داعشەوە بەهەدەرچوو."

هۆکاری چانسی گەیشتنی تەحریر عوبەیدی بۆ پەرلەمانی عێراق بۆ بەهێزی پێگەی باوکی دەگێڕدرێتەوە، بەتایبەت باوکی لە سەردەمی بەعس دا پۆستی باڵای هەبووە و لەدوای ساڵی 2003 ەوە چارەنوسی نادیارە و نازانرێت لەکوێ یە، لەو بارەیەوە تەحریر عوبەیدی وتی"باکگراوەندی عەشایەریمان بەهێزە، تەنها باوکم نیە، کوڕە مامم سەرۆک عەشیرەتە، هەمیشە کێشە عەشایەریەکان چارەسەر دەکات و هاوکاری خەڵک دەکات، بە توانایەکی کەمەوە بەدەم هەمووانەوە دەچێت، ڕۆژێک لە ڕۆژان دەرگای بەسەر کەسدا دانەخستووە، ئەم باکگراوەندە لەباوک و بنەماڵەکەمەوە بۆم ماوەتەوە، ئەمە هەنگاوی یەکەمە، پێیگەیشتووم."

کاندیدەکەی عەرەبی سونە جەختیکردەوە پرۆژەی زۆری هەیە بۆ خزمەتکردنی ناوچەکەی، وتی"پرۆژەی زۆرم هەیە، دەمەوێت سەرنجی جیهان ڕابکێشم، خەڵکی حەویجە خەڵکێکی پاک و زوڵملێکراون، پێویستیان بەچاودێری و گرنگی پێدانە، دۆخی حەویجە هاوشێوەی ئەنبارە، پێویستی بە نۆژەنکردنەوەیە، هەندێک پارێزگا بەرەو پێشەوە چوون و زۆربەی ئیشەکانیش، ڕێکخراوە نێودەوڵەتیەکان بۆیان کردوون، نەک حکومەت."

تەحریر عوبەیدی هیواشی خواست، ڕێکخراوە نێودەوڵەتیەکان گرنگی بە ناوچەکانیان بدەن بۆ دووبارە بونیاتنانەوەی ناوچەکانیان و گۆڕانکاری لە تێڕوانین و دونیابینیان، وتی"بینای قوتابخانەمان پێویستە بۆ کچان و کچێکی زۆرمان هەیە، بێبەشکراون لە خوێندن و داعشی خوێندنی لێ قەدەغەکردبوون، گرنگترین شت هەڵگرتنی نەزانینە لەسەریان، دەبێت هەندێک مادەی پەروەردەیی بگۆڕین، منداڵان فێربکەین چیان لەسەرەو مافیان چی یە، چۆن ئاشتیانە بژین و ئەوانیتر قەبوڵ بکەن، پێویستە پەروەردە وادابڕژێتەوە، منداڵانی پێ دروست بکەین، تا توشی هەڵە نەبن، ئاشنابن بە یاساکان، هۆشیاربن بەرامبەر هەڵچوون و خراپی مادەی هۆشبەر، بەڕێگایەکی ئاسان، کۆمەڵگەیەکی دروست بونیاد بنێین."

please wait

No media source currently available

0:00 0:03:22 0:00


XS
SM
MD
LG