Accessibility links

هێزەکانی عێراق دەچنە ناو شارۆچکەی حەویجە


سەرچاوەکان لە نێو لەشکری عێراق دەڵێن هێزەکانیان توانیویانە بچنە نێو شارۆچکەی حەویجەی ژێر دەستی داعش لە باشوری کەرکوک و لە ئێستادا شەڕ لەوێ بەردەوامە.

سەرچاوەکە بۆ ئاژانسەکانی ڕاگەیاندووە هێزەکانی کاردانەوەی خێرا ئەمڕۆ چوارشەممە چوونەتە نێو شارۆچکەکە و هاوکات هێزەکانی دیکەی عێراق لە ناوچەکانی دیکەی حەویجە لە پێشڕەویدان.

لیوا ڕەسوڵ عومەر بەرپرسی هێزەکانی پـێشمەرگە لە میحوەری باشوری کەرکوک لە وتووێژێکدا لەگەڵ بەشی کوردی دەنگی ئەمەریکا هەواڵەکەی پشتڕاستکردەوە و گوتی چەکدارانی داعش بەرگریـیەکی ئەوتۆ ناکەن و پـێشبینی کرد بەشێکیان بەرەو بەرزایـیەکانی حەمرین هەڵبێن.

پـێشتر ئەمڕۆ چوارشەممە فەریق ڕوکن عەبدولئەمیر ڕەشید یارالله فەرماندەی ئۆپەراسیۆنەکانی ڕزگارکردنی حەویجە ڕایگەیاند لە چوارچێوەی قۆناغی دووەمی ڕزگارکردنی حەویجە هێزەکانی لەشکر و پـۆلیسی فیدراڵی و هێزی کاردانەوەی خێرا و حەشدی شەعبی ئۆپەراسیۆنێـکی فراوانیان دەسـتپـێکردووە بۆ ڕزگاکردنی ناوەندی قەزای حەویجە و ناحیەی ڕیاز و گوند و ناوچەکانی دەوروبەریان.

جێی ئاماژەیە حەیدەر عەبادی سەرۆک وەزیری عێراق لە 21 ی مانگی نۆ، دەسـتپـێکردنی ئۆپەراسیۆنی ڕزگارکردنی حەویجەی ڕاگەیاند. حەویجە لە مانگی شەشی ساڵی 2014 وە لە لایەن داعشەوە داگیرکراوە.

یەحیا بەرزنجی لە بەشی کوردی دەنگی ئەمەریکا وتووێژەکەی لەگەڵ لیوا ڕەسوڵ عومەر کردووە.

please wait

No media source currently available

0:00 0:04:21 0:00

XS
SM
MD
LG