Accessibility links

فەرماندە وەستا رەسوڵ وردەکارى مەسەلەی7 فڕۆکەکە بۆ دەنگى ئەمەریکا ئاشکرا دەکات


فەرماندەى میحوەرى باشورى کەرکوکى هێزى پێشمەرگە، زانیارى لەبارەى ئەو فڕۆکانەوە بۆ دەنگى ئەمەریکا ئاشکرا دەکات، کە چەند رۆژێک لەمەوبەر لە سنورى قەزاى حەویجەى رۆژئاواى کەرکوک نیشتبونەوە.

ماوەى چەند رۆژێکە نیشتنەوەى 7 فڕۆکە لە سنورى قەزاى حەویجەى ژێر دەسەڵاتى داعش دەنگۆیەکى گەورەى لە نێو شەقامى عێراقى و کوردى و تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان دا دروستکردووە، بۆیە ئەمڕۆ وەستا رەسوڵ ى فەرماندەى میحوەرى باشورى کەرکوکى پێشمەرگە کۆنگرەیەکى رۆژنامەوانى لەسەر ئەو مەسەلە سازدا.

وەستا رەسوڵ، بەدەنگى ئەمەریکاى راگەیاند"ئەو فرۆکانە لەنزیک سوپاى عێراق نیشتونەتەوە، نەک لە نزیکى هێزى پێشمەرگە."

ئاماژەى بەوەشکرد، لەسەر ئەو مەسەلە پەیوەندیان بەهەندێک سەرچاوەى نێو سوپاى عێراقەوە کردووە، پێیانراگەیەنراوە"فرۆکەکان سەربە هێزێکى هاوبەشى ئەمەریکاو عێراق بوون، پرۆسەى سەربازیان ئەنجامداوە و پرۆسەکەشیان سەرکەوتوو بووە."

هەندێک گرتەى ڤیدیۆیى لە تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان دا بڵاوکراونەتەوە ، بەپێى گرتەکان 7 هێلیکۆپتەر بەئاسمانى هەرێمى کوردستان دا بەرەو حەویجە دەڕۆن ، لەیەکێک لە گرتە ڤیدیۆییەکانیش دا کەلەلایەن پێشمەرگەوە تۆمارکراوە، ئەو فرۆکانە لەنزیک سەنگەرەکانى پێشمەرگە لەکەرکوک دەبینرێن.

لەو بارەیەوە فەرماندەى میحوەرى باشورى کەرکوکى پێشمەرگە، وتى"ئەو گرتە ڤیدیۆییانەى بڵاو کراونەتەوە کۆنن نەک ئێستا ، ئینجا 7 فرۆکەکە کە بۆ پرۆسەى سەربازى چونەتە سنورى حەویجە لەبەغداوە هەستاون."

ماوەیەکە داعش لەسنورى حەویجە جم و جۆلى زیادیکردووە وهەندێک سەرچاوەش باس لە دروستبوونى مەترسى لەسەر شارى کەرکوک دەکەن ، بەڵام وەستا رەسوڵ دروستبونى مەترسى لەسەر کەرکوک بە پڕوپاگەندەى نەیارانى کورد وەسفکرد.

وەستا رەسوڵ وتى"ژمارەى داعش لە حەویجە زیادیکردووە، چونکە هەڵاتوەکانى موسڵ کە لەڕووى مەعنەویەوە تێشکاون گەراونەتەوە و هیچیان پێناکرێت."

وتیشى"هەندێک کەس و لایەن کەچاویان بە ئازادى و سەقامگیرى ئاسایشى کەرکوک هەڵنایە پڕوپاگەندە بڵاو دەکەنەوە، بۆیە قسەمان لەگەڵ لایەنەکان دا کردووە بۆ بەرپەرچدانەوەى ئەو پڕوپاگەندانە."

نیشتننەوەى ئەو فڕۆکانە لەسنورى داعش پێشتر لەنێو شەقامى کوردیدا جۆرەها لێکدانەوەى بۆ کراوە، بەشێک پێیانوابوە بۆ ئەنجامدانى پرۆسەى سەربازى دژى سەرکردەکانى داعش و بەشێکى تر پێیانوابووە سەربە وڵاتانى ئیقلیمى بووە و پێداویستى گەیاندوەتە چەکدارانى داعش.

please wait

No media source currently available

0:00 0:02:49 0:00

XS
SM
MD
LG